ئینگلتەراگرنگترین

فیفا هەڕەشە لە پرێمەرلیگ و لالیگا دەکات

بەمشێوەیە بێت، ژمارەی یانەکان کەمدەکرێتەوە

Yariga App

یاریگا –

فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ‘فیفا’ هەڕەشەی کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا دەکات.

یانەکانی بەردەوام گلەیی زۆری ژمارەی یارییەکان و جەنجاڵی خشتەی خولەکان دەکەن، بۆیە ئێستا فیفا تاوتوێی پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکانی خولەکانی ئەوروپا دەکات.

رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، لیژنەیەکی تایبەت بە توێژینەوە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکانی بەشدار لە خولە گەورەکانی ئەوروپا بۆ 18 یانە پێکهێندراوە.

فیفا پێی وایە، کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکان، ژمارەی یارییەکان کەمدەکاتەوە و کاریگەری لەسەر خشتەی گشتی یارییەکان دروستدەکات.

هۆکاری سەرەکی ئەم پێشنیازەش، بۆ کەمکردنەوەی ماندووبوونی یاریزانانە، چونکە جیا لە خولی ناوخۆیی، ئەرکی خولەکانی دەرەوە و یاریی هەڵبژاردەکانیان لەسەرە.

20 یانە لە پرێمەرلیگ، لالیگا و سێریا ئەی رکابەری دەکەن، بەڵام لە بۆندسلیگا و لیگ وەن، ژمارەی یانەکان 18یە. هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا، پرێمەرلیگ گفتوگۆی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی یانەکان بۆ 18 یانە کرد، بەڵام بیرۆکەکە پەسند نەکرا.

لە دوای ئاشکراکردنی شێوازی نوێی مۆندیالی یانەکان کە فیفا سەرپەرشتی دەکات، پرێمەرلیگ و لالیگا هێرشێکی توندییان بۆ سەر فیفا دەستپێکردووە و پێیان وایە، زیادکردنی ژمارەی یانە بەشدارەکانی جامی جیهانی یانەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر یانەکانیان دروست دەکات. تەنانەت هەندێک یانە هەڕەشەی جوڵاندنی کەیسی دادوەری لە دژی فیفا دەکەن.

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا لەبارەی زیادکردنی ژمارەی یانەکانی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان دەڵێت

ئەگەر هەڵوێستی جدیمان نەبێت، تۆپی پێ دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. چارەسەرییەکانی فیفا، تەنیا دروستکردنی پاڵەوانیەتی نوێیە. بۆ ئەوەی پلانەکانیان سەر بگرێت، پێویستە یانەکان زیاتر خۆیان ئامادە بکەن و ئەمەش بەواتای لەدەستدانی دوو یانەی لالیگایە. پێویستە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین و بەر لە دروستکردنی پاڵەوانیەتی لەمجۆرە، دەبێ بیر بکەینەوە، ئەگەرنا هەڕەشەیەکی جددی لەسەر یانەکان و تۆپی پێ دروست دەبێت.

هاوینێکی سەخت چاوەڕێی یانەکانە، چونکە پاڵەوانیەتییەکانی یۆرۆی 2024, کۆپا ئەمێریکا و ئۆڵێمپیادی پاریس بەڕەوەدەچن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ماوەی پشوو و ئامادەکارییەکانیان دروست دەکات.

ژمارەی یانەکانی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بۆ 36 زیادکراوە، هەروەها بڕیارە مۆندیالی یانەکان لە ناوەڕاستی مانگی یۆلیۆ/حوزەیرانی ساڵی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێبکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button