ئەستێرەیەکی یانەی قوەی جەویە وازهێنانی خۆی لە یانەکە ڕاگەیاند
یانەی قوەی جەویە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ دووەم یاری لە سەر یەک تووشی شکست هات و بەمەش دەنگۆی زۆر لە نێو یانەکە دروست بووە و گەیشتۆتە ڕادەیەک یاریزانە ئەستێرەکانی وازهێنانی خۆیان لە یانەکە ڕابگەیەنن.
هەفتەی ڕابردوو دوای شکستیان لە یاری کلاسیکۆی عێڕاق، محەمەد حەمیدی گۆڵپارێز لەگەڵ ئەیمەن حوسێن هێرشبەری یانەکە بەگژ یەکداچوون و بووە هۆی دوورخستنەوەی گۆڵپارێزەکە بە شێوەیەکی کاتی لە یانەی جەویە، دوێنێش لە شاری سلێمانی دوای شکستە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی نەورۆز کە بە ئەنجامی 4 _ 2 گۆڵ یاریەکەیان دۆڕاند، کەمێک لە مەوبەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک ئیبراهیم بایش ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێڕاق و یانەی قوەی جەویە وازهێنانی خۆی لە یانەکە ڕاگەیاندووە و دەڵێت: زۆرمان پێشکەش بە یانەکە کرد، ئێستا کاتیەتی ماڵئاوایی بکەم، ساڵانێک یاریمان کرد و ئێستا کاتیەتی کۆتایی پێبێنم، شەڕەفێکی گەورە بوو بۆ ئەو یانەیە یاریم کرد دڵنیام لە داهاتوو بەهێزتر دەگەڕێنەوە، لە دڵەوە سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان لۆ دەخوازم.
بەم شکستەی بەرامبەر یانەی نەورۆز تا ڕادەیەک یانەی قوەی جەویە لە ناسناوی ئەم وەرزە دوورکەوتۆتەوە کە ئێستا 66 خاڵیان هەیە لە پلەی دووەمن و 7 خاڵ لە دوای یانەی شوڕتەوەن هەرچەندە یانەی جەویە یاریەکی دواخڕاویشی هەیە.