ئه‌ڵمانیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی ئێدین تێرزیچ؛ لە هاندەرێکی بۆڕووسیا دۆرتموندەوە بۆ راهێنەری یانەکە

Yariga App

یاریگا –

لەوانەیە بڕوا نەکەن بەڵام رۆژانێک ئێدین تێرزیچ لەسەر پەیژەکانی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک بەشێک بوو لە ‘دیوارە زەردەکە’ـی هاندەرانی یانە ئەڵمانییەکە، کەچی ئێستا وەکو راهێنەری بۆڕووسیا دۆتموند لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای وێمبلی ئامادە دەبێت و دەیەوێت بۆ جاری دووەم نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ یانەکە بباتەوە.

ئێدین تێرزیچ لەسەر پەیژەکانی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک ساڵی 2012 کاتێک نازناوی بۆندسلیگایان بەدەستهێنا
ئێدین تێرزیچ لەسەر پەیژەکانی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک ساڵی 2012 کاتێک نازناوی بۆندسلیگایان بەدەستهێنا

12 ساڵ لەمەوبەر لەسەر پەیژەکانی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک هاندەر بوو

ئێدین تێرزیچ 12 ساڵ لەمەوبەر لەسەر پەیژەکانی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک وەکو هاندەرێکی یانەکەی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی بۆندسلیگا ئاهەنگیان دەگێڕا، ئەو پیاوە 41 ساڵانە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە هاندەری یانە زەردپۆشەکەیە، ئێستا وەکو راهێنەری دۆرتموند دەیەوێت یەکەم نازناو بۆ یانەکە بباتەوە.

راهێنەرەکەی دۆرتموند کە لەوەتەی تەمەنی نۆ ساڵییەوە هاندەری زەردپۆشەکانی ئەڵمانیایە، لەبارەی ئەو ساڵەی بۆڕووسیا بۆ یەکەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا کە ئەو تەمەنی 14 ساڵ بوو، لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی یوێفا دەڵێت :’بەداخەوە من لە میونشن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 1997 لەناو یاریگا نەبووم کاتێک بۆڕووسیا دۆرتموند نازناوەکەی بەدەستهێنا، بەڵام لە شارۆچکەی منداڵیم بەدیار شاشەیەکی گەورە بووم و سەیری یارییەکەم دەکرد، لەوکاتەوە چەند جارێک سەیری یارییەکەم کردووەتەوە، ئەو رۆژە بۆ هەموو هاندەرێکی دۆرتموند رۆژێکی تایبەت بوو’.

لەوانەیە تێرزیچ یەکەم کەس بێت لە مێژوودا، هاندەری یانەکەی بێت و دواتر بووبێتە راهێنەری یانەکە و یانەکەی گەیاندبێتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

تيرزيتش.. من ويلات الحرب إلى أعتاب المجد

ئێدین تێرزیچ کێیە؟

ئێدین تێرزیچ رۆژی 30ـی ئۆکتۆبەری 1982 لە شارۆچکەی مێندین لە ئەڵمانیا لە باوکێکی بۆسنی و دایکێکی کڕواتی لەدایکبووە، کە شارۆچکەکەی 40 کیلۆمەتر لە دۆرتموند دوورە، تێریزیچ و ماڵباتەکەی بەهۆی شەڕی نێوخۆیی یوگسلاڤیا تووشی دەردەسەری زۆر بوونەتەوە.

تێرزیچ لە زانکۆی رۆر لە بۆخوم کۆڵیژی زانستە وەرزشییەکانی خوێندووە و هەرگیز یاریزانی هیچ یانەیەک نەبووە و لە تیپە میللیەکان یاریی کردووە، دواتر وەکو دۆزەرەوەی یاریزانان و یاریدەری راهێنەری ئەکادیمیای بۆڕووسیا دۆوتموند کاری کردووە.

تێرزیچ لە یۆرۆی 2012 کاتێک سلاڤین بیلیچ راهێنەری کڕواتیای بینیبوو کۆمەڵێک رێنمایی و تێبینی بە راهێنەرەکەی کڕواتیا گوتبوو لەبارەی یارییان بەرامبەر ئێرلەندا، داوای لێکردبوو لۆکا مۆدریچ بگەڕێنێتەوە دواوە بۆ ئەوەی خۆی لە چاودێری ئێرلەندییەکان بدزێتەوە و لە تۆپە جێگرەکانیش سوود لە باڵا کورتی بەرگریکارەکانیان وەربگرن، کە دوای ئەوەی کڕواتیا لە یارییەکە دوو گۆڵی بە تۆپی جێگیر بە سەر تۆمارکرد، بیلیچ دوای یارییەکە سوپاسی رێنماییەکانی تێریزیچی کرد.

تێرزیچ لە یانەکانی بێشیکتاشی تورکی، وێستهام یونایتدی ئینگلیزی و بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یاریدەدەری راهێنەر بووە، بەڵام ساڵی 2015 سلاڤین بیلیچ بەهۆی سەرسامی بە وردبینییەکانی تێرزیچ لە وێستهام کردییە یاریدەدەری خۆی و لە ماوەی ئەو دوو ساڵە راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر گەشەی کرد.

Edin Terzic, the lifelong Dortmund fan turned head coach trying to bring back the noise - The Athletic

تێرزیچ وەکو شرۆڤەکاری ئامارەکان و دۆزرەوەی یاریزانان کاری کردووە

ساڵی 2013 کاتێک بۆڕووسیا دۆرتموند و ریال مەدرید لە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕوو بوونەوە، تێرزیچ وەکو دۆزرەوە و شرۆڤەکاری ئامارەکانی دۆرتموند هەوڵیدابوو ئامادەی مەشق و راهێنانەکانی ریال مەدرید بێت بۆ ئەوەی بزانێت کامە یاریزانی ریال مەدرید بۆ جێبەجێکردنی لێدانە یەکلاکەرەوەکان رادەسپێردرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی راهێنانەکانی ریال مەدرید داخراو بوون، رێگا بە تێریزیچ نەدرابوو ئامادەی راهێنانەکان بێت.

تێرزیچ پێش یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ هەڕەشەی لە ریال مەدرید کرد و دەڵێت :’ئێستا کاتی تێکشکاندنی ریال مەدریدە، ئەوان لە دوایین 8 یاریی کۆتایی 8 بردنەوەیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمجارە کاتی تێشکاندنیان هاتووە’.

راهێنەرەکەی بۆڕووسیا دۆرتموند بەدوای دووەم نازناوی دەگەڕێت

تێرزیچ لە دوو ویلایەتی جیاوازدا راهێنەرایەتی یانەکەی کردووە، جاری دووەم لەوەتەی مایۆ/ئایاری 2022 راهێنەرایەتی بۆڕووسیا دۆرتموند دەکات، لەوکاتەوە تا ئێستا لە 95 یاری راهێنەرایەتی یانەکەی کردووە، 55 بردنەوە و 20 یەکسان و 20 دۆڕانی تۆمارکردووە و تەنیا نازناوێکی بۆ یانەکە بەدەستهێناوە ئەویش جامی ئەڵمانیای 2020/2021 بوو.

وەرزی رابردوو تێرزیچ هەنگاوێک لە بەدەستهێنانی نازناوی بۆندسلیگا دوور بوو، بەڵام لە دوایین گەڕی خولەکە لە دوا خولەکەکان بە جیاوازیی گۆڵ نازناوەکەی لە بەرژەوەندیی بایرن میونشن لەدەست دا، کەچی هاندەرانی دۆرتموند سەرەڕای ئەو دۆخە پشتیوانی خۆیان بۆ یانەکەیان و راهێنەرەکەیان دووپاتکردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button