کوردستان

كانەبی: سڕبیا ئامادەیە لە هەموو بوارەكانى وەرزش یارمەتی كوردستان بدا

(ئاكانیوز) _ سەرۆكی یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان رای گەیاند لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشیی سڕبستان، ئەوەیان پێ راگەیاندوون كە ئامادەن بەهەموو شێوەیەك هاوكاریی بوارە جیاجیاكانى وەرزشیی كوردستان بكەن.

سەفین كانەبی ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، لە چەند رۆژى رابردوودا سەردانى سڕبستانم كرد و لەگەڵ شاندێكی هاوتام كۆبوونەوەیەكی بەرفرەوانم لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی و سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە ئەنجام دا و چەندان دەسكەوتی باشمان دەستەبەر كرد.

كانەبی روونی كردەوە، یەكێك لە كارە گرینگەكان رێككەوتنی نێوانمان بوو لەسەر كردنەوەى خولی راهێنان بۆ كادیرانی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان كە لە 10ی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوودا 50 ناوبژیوان و راهێنەرمان سەردانى سڕبستان دەكەن و ماوەى حەوتوویەك بەشداریی دەكەن لە خولێكی راهێنەرایەتی ناودەوڵەتی كە لەلایەن سەرپەرشتیارانی ئەم وڵاتەوە دەبێ.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان جەختی لە پێشكەوتووییی ژێرخانى وەرزشیی سڕبستان كردەوە و گوتی سەرسامم بە بەپێشكەوتوویی كۆمەڵگا وەرزشییەكانى ئەو وڵاتە كە بەشێوەیەكە ئێستا بووەتە مەڵبەندی كەمپی راهێنان و خولی راهێنانى یانە و وڵاتە پێشكەوتووەكانى دنیا.

هەروەها گوتی، سوودمەند دەبین لەم پێوەندییەمان، لەبەرئەوەى دەناسرێین و زیاتر ئاستی ئەزموون و تواناكانی ئەوان دێتە ناو كوردستان، ئەوان نەك هەر لە تۆپی پێ، بگرە ئامادەییی خۆیان دەربڕی كە پێشوازیی دەكەن لە تەواوی تیپ و یەكەتییە وەرزشییە یارییە جۆرەوجۆرەكانی كوردستان، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەى بگەینە قۆناغێك كە خەونە گەورەكانمان بەدی بێنین.

یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان توانیویەتی پێوەندییەكی باش لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری وڵاتانى ئەوروپایی دروست بكا، هەروەها لە داهاتوویەكی نێزیكدا بەپێی گرێبەستێك یانەى ئینتەرمیلانی ئیتاڵیایی قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی ییاریكەران لە پایەتەختی كوردستان دەكاتەوە.

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close