ئینگلتەراگرنگترین

ئۆبامێیانگ: ئارتێتا سووکایەتی پێکردم

ئارتێتا وەک شێتێک دەریکردم!

Yariga App

یاریگا –

پیێر ئیمریک ئۆبامێیانگ، ئەستێرەی پێشووی ئارسیناڵ بێدەنگی خۆی سەبارەت بە رۆیشتنی لە یانەکە و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ میکێل ئارتێتا شکاند.

ئۆبامێیانگ یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی ئارسیناڵ و لە لایەن هاندەران و بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە زۆر خۆشەویست بوو، ئەم گرنگیدانەش گەیشتە ئەو ئاستەی کە گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵدا واژۆکرا وەکو ئەستێرەی سەرەکی ئەم تیپە و کاپتنی یانەکە هەڵبژێردرا.

بەڵام تەنیا لە دوای 18 مانگ لە واژۆ کردنی گرێبەستە درێژخایەنەکەی پێگەی لە تیپەکەدا کاڵ بووەوە بڕیاری جێهێشتنی ئارسیناڵی دا و ئەمەش بووە هۆی مشتومڕێکی زۆر و هۆکارەکەش لە دوای ململانێی لەگەڵ ئارتێتا کە وەک راهێنەری یانەکە هەڵبژێردرا روویدا.

ئێستا ئۆبامیانگ دوای ماوەیەکی زۆر باسی هۆکاری رۆیشتنی لەیانەکەی کرد و و بە کۆڵین ئینتەرڤیوی گوت:

لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و پێموایە یارییەکمان لەگەڵ ئێڤەرتۆن هەبوو. وەرزەکەم بە باشی نەڕۆیشت و لە خولەکەدا کێشەمان هەبوو و رۆژێک پێش یارییەکە ئارتێتا پێی گوتم: سەیرکە گرنگ نییە سەربکەوین یان بدۆڕێین. رۆژێک پشووت هەیە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیت پێش یارییەکە ئاگادارم بکەرەوە چونکە دەبێت هەندێک یاسای تەندروستی جێبەجێ بکەیت.


لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

دایکم چەند مانگێک پێش یارییەکە تووشی جەڵتەی مێشک ببوو. کاتی جەژنی کریسمس بوو و چوومە لای راهێنەر و پێم گوت هاتووم چونکە دەمەوێت بچم دایکم بهێنمەوە بۆ جەژن. پێی گوتم هیچ کێشەیەک نییە. زۆر باش دەیزانی چی روویداوە و لەو رۆژەدا رێگەی پێدام بچم دایکم ببینم. بۆیە پێی گوتم، پزیشکەکان ئاگادار بکەمەوە بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە.

چوومە ماڵەوە و پێم باشتر بوو شەوی پێشتر بگەڕێمەوە نەک بەیانی مەشقەکان. بەڵام دایکم پشکنینی هەبوو هەر بۆیە شەوی پێشتر نەمتوانی بگەڕێمەوە و بەیانی رۆژی مەشقەکان هاتمەوە. کە گەیشتمە ئەوێ، ناچار بووم تێستی کۆرۆنا بکەم، بەڵام رۆژێک پێشتر ئەوەم کردبوو، چونکە لە وڵاتێکی دیکەوە گەڕابوومەوە.

کە گەیشتم راهێنان تەواو ببوو و یەخەی گرتم و شێتانە دەستی کرد بە هاوارکردن بەسەرمدا و گوتی:

تۆ خیانەتت لێکردم ! لە ساتێکی لەم شێوەیەدا ناتوانی ئەمەم لەگەڵ بکەیت. لەو ساتەدا بە خۆمم گوت وەڵام مەدەرەوە چونکە تووڕەی و با شتێکی هەڵە نەکەی. چوونکە من نەڕۆیشتبوومە ئاهەنگ و خۆشی. زۆر باش دەیزانی بۆچی رۆشتم و تێنەگەیشتم بۆچی ئەم قسانەی کرد.

چوومەوە ماڵەوە و دوای ئەوە دکتۆرەکە تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گووتم: ئارتێتا نایەوێت سبەی مەشق بکەیت. زۆری نەخایاند میدیاکان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان ئارتێتا نایەوێت چیتر لە تیپەکەدا بیت و پێویستە بەجیا مەشق و راهێنان بکەیت. دوای چەند رۆژێک ئارتیتا تەلەفۆنی بۆ کردم و کۆبوونەوەیەکمان کرد و ئەویش قۆڵبەستی کاپتنی لێ وەرگرتمەوە و گوتی چیتر مافی راهێنانم لەگەڵ تیپەکەدا نییە.

لە وەڵامدا گوتم من بەرپرسیارێتی خۆم قبوڵ دەکەم، بەڵام پێویستە کەمێک مرۆڤ بیت بۆ ئەوەی لە بارودۆخی من تێبگەیت. پاشان هەموو شتێک کۆتایی هات. “ماوەی مانگێک بە تەنیا مەشقم کرد و چاوەڕێی جیابوونەوە بووم”.

ئۆبامیانگ لە ساڵی 2018 لە دۆرتمۆندەوە بە گرێبەستێکی 65 ملیۆن پاوندی پەیوەندی بە ئارسیناڵەوە کرد و لە ساڵی 2022 یانەکەی بەرەوە بارسێلۆنا جێهێشت.

بابەتی زیاتر

Back to top button