یاریگا –
رۆدریگۆ تەواوی دەنگۆکانی جێهێشتنی ریال مەدریدی رەتکردەوە، ئەمەش دوای نزیکبوونەوەی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ.
ئەستێرەی بەرازیلی چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ میدیاییەکی بەرازیلی کرد، لەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکە، دەنگۆی جێهێشتنی بێرنابیۆ بڵاوبووەوە. بەڵام هەرزوو رۆدریگۆ هەواڵەکەی رەتکردەوە.
رۆدریگۆ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پلاسکار تیڤی گوتبووی
بەدڵنیاییەوە دەمەوێت بۆ چەندین ساڵی دیکە لە ریال مەدرید بمێنمەوە، بەڵام ئەمەش بە چەندین بابەتەوە پەیوەستە. دەمەوێت تاوەکو بتوانم لێرە بەردەوام بم و یارمەتی تیمەکە بدەم. هەرکاتێک بزانم چیدیکە گرنگ نیم، رەنگە ساتێکی گونجاو بۆ جێهێشتنی تیمەکە بدۆزمەوە. پێم وانییە ئێستا هیچ شتێکی لەمجۆرە هەبێت، بەردەوام خەونم بە یاریکردن بۆ ریال مەدرید بینیوە، لێرە هەموو شتێکم هەیە و خەریکە خەونەکانم دەکەمە راستی.
لە پرسیارێکی دیکە لەبارەی ئەگەری یاریکردنی لە خولێکی دیکە، رۆدریگۆ گوتی
پرێمەرلیگ ئەو خولەیە هەمووان حەزییان لێیە، نامەوێت دەرگا بەڕووی خولەکانی دیکە دابخەم، بەڵام هەمووان دەزانن خەونی من یاریکردنە بۆ ریال مەدرید. دەمەوێت لێرە بمێنمەوە، بەڵام دەکرێ گفتوگۆ لەسەر هەموو شتێک بکرێت.
Hoy ocurrió una situación muy molesta, donde una de mis entrevistas fue completamente sacada de contexto.
Para ser muy directo, estoy MUY feliz en el Real Madrid, vivo un sueño cada día y NO se me pasa por la cabeza dejar el club de mi vida!
Ahora seguimos con história por…— Rodrygo Goes (@RodrygoGoes) May 28, 2024
لە دوای ئەم قسانە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز، رۆدریگۆ لە پلاتفۆرمی ئێکس، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
دۆخێکی نەخوازراو روویداوە، یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانم بە تەواوی بەلاڕێدا براوە. دەمەوێت زۆر راشکاو بم، زۆر دڵخۆشم لە ریال مەدرید و رۆژانە لەگەڵ خەونەکانم دەژیم. تاوەکو ئێستا بیرۆکەی جێهێشتنی یانەکە نەهاتووەتە سەرم، چونکە ریال یانەی ژیانمە. ئێستا خەریکی نووسینەوەی مێژووین و دەمانەوێت 15مین نازناو ببەینەوە.
شەممە، کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر ریال مەدرید دوا یاری ئەم وەرزە لە بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە وێمبڵی دەکات. دواتر رۆدریگۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆپا ئەمێریکا، دەچێتە بەرازیل.