ئه‌ڵمانیاگرنگترین

ئەمڕۆ کۆمپانی دەگاتە ئەڵمانیا و دەبێتە راهێنەری بایرن میونشن

بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستەکەی واژۆ دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ کۆمپانی دەگاتە میونشن و واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بایرن میونشن دەکات بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی بایرن بگرێتە ئەستۆ.

فلۆریان پلێتینبێگ، پەیامنێری کەناڵی سکای سپۆرتی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ ڤینسێنت کۆمپانی دەگاتە میونشن و تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستەکەی واژۆ دەکات بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانە ئەڵمانییەکە بگرێتە ئەستۆ.

پلێتینبێرگ راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی نێوانیان، بایرن میونشن بەفەرمی دەستبەکاربوونی کۆمپانی وەکو راهێنەری نوێێ یانەکە رادەگەیەنێت و بە زووترین کاتیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راهێنەرە بەلجیکییەکە وەکو راهێنەری نوێی بایرن بە میدیاکان دەناسێنرێت.

کارل هاینز رۆمێنیگێ، سەرۆکی یانەی بایرن میونشن لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی سکای سپۆرتی ئەڵمانی دەڵێت :’گواردیۆلا زۆر هاوکاریکردین لە دەستنیشانکردنی کۆمپانی، ئەو بڕوای وایە کۆمپانی راهێنەرێکی گەنجی لێهاتووە و زۆر پشتگیری ئەوەی کرد دەرفەتی پێبدرێت و زۆر ستایشی کرد و وەکو راهێنەرێکی بەهرەمەند پەسەندی کرد’.

کۆمپانی لە یانەی ئاندێرلەختی بەلجیکی دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد و دوو ساڵ لەمەوبەر ئەرکی راهێنەرایەتی بێرنلی گرتە دەست، لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لەکۆی 38 یاری تەنیا پێنج سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یانەکەی دابەزییە چامپیۆنشیپ.

پێشتر هەریەکە لە یولیان ناگلیسمان، هانسی فلیک، چابی ئەلۆنسۆ و رالف رانگنیک وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانە باڤارییەکەیان رەتکردەوە، کە تۆماس تۆخێل لە ناوەڕاستی ئەم وەرزە بە رەزامەندیی هەردوولا بڕیاریان دا لە کۆتایی وەرز دەست لە راهێنەرایەتی بایرن بکێشێتەوە.

ڤینسێنت کۆمپانی کێیە؟

ڤینسێنت کۆمپانی (38 ساڵان) لە ریزی یانەکانی ئاندێرلەختی بەلجیکی، هامبورگی ئەڵمانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی یاریی کردووە و هاوینی 2019 وەکو یاریزان و راهێنەر لە یەک کاتدا لە ئاندێرلەخت دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد.

کۆمپانی وەکو راهێنەر 188 یاری لەگەڵ ئاندێرلەخت و بێرنلی ئەنجام داوە، 83 بردنەوە و 56 یەکسان و 29 دۆڕانی بەدەستهێناوە، لە جامی بەلجیکا پلەی دووەمی لەگەڵ ئاندێرلەخت بەدەستهێناوە و لەگەڵ بیرنلیش بووە پاڵەوانی چامپیۆنشیپ و یانەکەی گەیاندە پرێمەرلیگ.

بابەتی زیاتر

Back to top button