یاریگا –
ستیڤن جێرارد هەست بە بەرەوپێشچوونی تۆپی پێی سعودیە دەکات و دەیەوێت بۆ ساڵێکی دیکەش لەگەڵ ئیتیفاق بمێنێتەوە.
جێرارد گرێبەستەکەی تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027 لەگەڵ ئیتیفاق نوێکردەوە، ئەفسانەی لیڤەرپوول پێی وایە تۆپی پێ و خولی رۆشنی سعودیە زۆر بەرەوپێشچووە و پێی وایە دەبێتە یەکێک لە باشترین خولەکانی جیهان.
لە سەرەتای ساڵی 2023 چەندین ئەستێرەی گەورە روویان لە یانەکانی سعودیە کردووە، هەرچەندە رەخنەی توندیان لێگیرا، بەڵام پڕۆسەی گواستنەوەی یاریزانان نەوەستا و پێشبینی دەکرێت، لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، یاریزانی زیاتر پەیوەندی بە یانەکانی سعودییەوە بکەن.
جێرارد بە رۆژنامەی دەیلی تێلێگرافی راگەیاند
دەمزانی زۆر بە حەزەوە کار دەکەن، چەندین ئەستێرەی گەورە پەیوەندییان بە یانەکانی سعودییەوە کردووە. دەیانەوێت خێرا بگەنە لووتکەی خولەکان. لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، گۆڕانکاری گەورە لە خولەکە بەدی دەکرێت، ئەگەر بەمشێوازە بەردەوام بێت، ئەوا بەخێرایی دەگەنە لووتکە و منیش دەمەوێت ببمە بەشێک لە کاروانەکە.
ئیتیفاق پلەی شەشەمی خولی رۆشنی سعودیەی بەدەستهێنا بە جیاوازی 17 خاڵ لەگەڵ هیلالی پێشەنگ.