ئه‌ڵمانیاچامپیۆنزلیگگرنگترین

هۆشدارییەک لە راهێنەری بۆڕووسیا دۆرتموندەوە بۆ ریال مەدرید: دەتوانین لێتان ببەینەوە

باسی ئەو ساتانە دەکات کاتێک دۆرتموند نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە

Yariga App

یاریگا –

راهێنەری بۆڕووسیا دۆرتموند رەتیدەکاتەوە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ریال مەدرید بترسن و دەڵێت: متمانەمان بەخۆمان هەیە لە هەر یانەیەک ببەینەوە.

ئێدین تێرزیچ، راهێنەری بۆڕووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە رۆژی شەممە لە یاریگای وێمبلی لە لەندەن دەکرێت، دەڵێت :’ئێمە لە تواناماندا هەیە لە هەر رکابەرێکمان ببەینەوە، ئێمە بە شایستەیی گەیشتینە یاریی کۆتایی و ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد، راستە رووبەڕووی تیپێکی زۆر بەهێز دەبینەوە، بەڵام ئێمە راهاتووین و دەزانین لە یارییەکە هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە’.

هەروەها راهێنەرەکەی دۆرتموند لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید دەشڵێت :’ئەگەر ئێمە 10 یاریی بەرامبەر ریال مەدرید بکەین بەدڵنیاییەوە بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی ئێمە ئەستەمە، بەڵام لە یارییەکی 90 خولەکی یان 120 خولەکی و لێدانە یەکلاکەرەوەکان، ئێمە دەتوانین لە هەر رکابەرێکمان لە جیهاندا ببەینەوە’.

راستە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی تیپێکی زۆر بەهێز دەبینەوە، بەڵام ئێمە راهاتووین و دەزانین لە یارییەکە هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە.

تێرزیچ لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەڵێت :’ئەمە گرنگترین نازناوە کە هەر یانەیەکی تۆپی پێ هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەدات، لە مێژووی یانەکەماندا جارێک نازناوەکەمان بەدەستهێناوە، ئەمەش دەری دەخات ئەم دەرفەتە بۆ ئێمە چەند گرنگە، ئێمە دەتوانین سەربکەوین و ئەگەر نازناوەکە ببەینەوە دەبێتە چیۆرکێکی زۆر تایبەت بۆ ئێمە’.

راهێنەرەکەی دۆرتموند کە لەوەتەی تەمەنی نۆ ساڵییەوە هاندەری زەردپۆشەکانی ئەڵمانیایە، لەبارەی ئەو ساڵەی بۆڕووسیا بۆ یەکەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا کە ئەو تەمەنی 14 ساڵ بوو، دەڵێت :’بەداخەوە من لە میونشن لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 1997 لەناو یاریگا نەبووم کاتێک بۆڕووسیا دۆرتموند نازناوەکەی بەدەستهێنا، بەڵام لە شارۆچکەی منداڵیم بەدیار شاشەیەکی گەورە بووم و سەیری یارییەکەم دەکرد، لەوکاتەوە چەند جارێک سەیری یارییەکەم کردووەتەوە، ئەو رۆژە بۆ هەموو هاندەرێکی دۆرتموند رۆژێکی تایبەت بوو’.

رۆژی شەممە کاتژمێر 22:00 (بە کاتی هەولێر) ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموند لە یاریگای وێمبلی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەیەک دەگەن، کە پێشتر زەردەواڵەکان جارێک نازناوەکەیان بەدەستهێناوە و مەدریدییەکانیش 14 جار نازناوەکەیان بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button