یاریگا –
تۆنی کرووس بڕیاریداوە دوای وازهێنانی لە یاریکردن درێسەکەی بە ڤالڤێردی ببەخشێت، کە ئەو ناوەڕاستکارە ئۆرۆگواییە بۆیەکەمجار وردەکاریی داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی درێسی ژمارە 8 ئاشکرا دەکات.
فێدی ڤالڤێردی، ناوەراستکاری ریال مەدرید لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەبارەی وەرگرتنی درێسی ژمارە 8ـی ریال مەدرید دەڵێت :’داوای درێسی ژمارە 8ـی تۆنی کرووسم لە خۆی کرد، من خۆم زۆر گرنگی بە ژمارەی درێسەکان نادەم، بەڵام لەبەر ئەوەی کرووس ئەو ژمارەیەی پۆشیوە حەز دەکەم بیپۆشم و ئەویش زۆر بەڕێزەوە رەزامەندیی دا دوای وازهێنانی من درێسەکەی بپۆشم’.
فێدی دوای ئەوەی کرووس بڕیاری وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا پەیامێکی ماڵئاوایی ئاڕاستەی کرووس کردووە، ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکەش لە کۆمێنت سوپاسی ستایشکردنەکانی کردووە و پێی گوتووە ‘سبەی وەرە لەبارەی بابەتێکی گرنگ قسە دەکەین’.
ڤالڤێردی لەبارەی یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ کە رۆژی شەممەی داهاتوو دەکرێت، دەڵێت :’ئەگەر لە بۆڕووسیا دۆرتمۆندمان بردەوە و بووینە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ ئەوا بەڵێنمداوە جارێکی دیکە رەنگی قژم بویاخی سپی دەکەمەوە’.
ناوەڕاستکارە ئۆرۆگواییەکە لەبارەی بەربژێری بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەم وەرزە، دەڵێت :’ئەگەر بڕیارەکە بە دەستی من بێت، خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەمە دوو کەرت و بەسەر بێڵینگهام و ڤینیسیۆس دابەشی دەکەم، هەردووکیان شایستەن’.
ڤالڤێردی لە ریال مەدرید و ئۆرۆگوای درێسی ژمارە 15 دەپۆشێت، بەڵام دەگوترێت یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر بە تۆنی کرووس سەرسام بوو هەربۆیە بڕیاریداوە وەرزی داهاتوو ببێتە جێنشینی تۆنی و درێسی ژمارە 8 دەپۆشێت.