لێدوانی یاریزانانی ریال مەدرید لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
یاریگا –
یاریزانانی ریال مەدرید دوای مەشق و راهێنانەکانی ئەمڕۆیان لە ڤاڵدێبێباس قسەیان لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کردووە و هەریەکێکیان بە جۆرێک وەسفی یارییەکەیان کردووە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانی ریال مەدرید لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەڵێت :’ئێمە هەمیشە تەنیا بیر لە بردنەوە دەکەینەوە، هیوادارم بتوانم لەو یارییە گۆڵ بکەم، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ببەینەوە، یاریکردن بەرامبەر بەرگریکارانی ئەڵمانی کەمێک قورسە، بەڵام راهێنەرەکەمان بە باشی ئامادەمان دەکات و پێویستە بەهێزەوە دەست بە یارییەکە بکەین، من هەرگیز لە فەوتاندنی تۆپ ناترسم هەربۆیە گەیشتوومەتە ئێرە’.
ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر: پێویستە ئاگادرای هێرشە پێچەوانەکانی بۆڕووسیا دۆرتمۆند بین، چونکە ئەوان لە هێرشی پێچەوانە زۆر مەترسیدارن و بە باشی خۆیان ئامادە دەکەن.
جود بێڵینگهام لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی یانەی پێشووی خۆی دەڵێت :’ئەو یارییە بۆ من زۆر تایبەت دەبێت، بەڵام دەمەوێت هەست و زۆرم بخەمە لایەک و هاوشێوەی یارییەکانی دیکە خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکەین، بۆیە پێویست ناکات رۆتینی ئامادەکارییەکانمان بگۆڕین، لەگەڵ هیچ یەکێک لە یاریزانانی یانەی پێشووم قسەم نەکردووە، تەنیا لەگەڵ سانچۆ قسەم کردووە، من بۆیە هاتمە ریال مەدرید چونکە هەمیشە ریال مەدرید پەیوەستە بە چامپیۆنزلیگ’.
ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر، بەرگریکاری ریال مەدرید دەشڵێت :’لە بۆڕووسیا دۆرتموند چەندان هاوڕێم هەیە کە پێشتر بەیەکەوە یاریمان کردووە، بەڵام لەم یارییە هەموومان یەک ئەرکمان هەیە ئەویش بردنەوەیە، ئەوان لە هێرشە پێچەوانەکاندا زۆر مەترسیدارن، بۆیە پێویستە بە وریاییەوە یارییان بەرامبەر بکەین، ئەو یارییە سەخت دەبێت و ئەوان زۆر بەباشی خۆیان ئامادە دەکەن’.
ئۆرێلین چوامێنی، ناوەڕاستکاری فڕەنسی کە بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادە نابێت، لەبارەی یارییەکە دەڵێت :’راهێنەر پێی گوتم ناتوانم بۆ ئەو یارییە ئامادەبم، بۆ من سەختە بۆ ئەو یارییە ئامادە نیم، بەڵام هیوادارم پازدەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، دڵنیام جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی یاریی دەکەم، چونکە گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ریال مەدرید وەکو نەریتی لێهاتووە’.
چوامێنی: راستە ناتوانم بەشداریی یارییەکە بکەم، بەڵام دڵنیام نازناوەکە دەبەینەوە.
تۆنی کرووس، ناوەڕاستکاری ریال مەدرید :’ئەم یارییە دوایین یاریی من دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام من دوو رۆژ لەمەوبەر ماڵئاواییم کرد و کاتی ئەوە نییە هێندە بیر لە ماڵئاوایی کردن بکەمەوە، چونکە ئەم یارییە زۆر گرنگە و پێویستە تەواوی بیر و هۆشم لەسەر یارییەکە بێت، شانازی دەکەم شەشەمین جارە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یاریی دەکەم، من نەمدەویست لە یاریی ماڵئاواییم لە سانتیاگۆ بگریم، بەڵام کاتێک منداڵەکانم بینی خۆم پێ کۆنتڕۆڵ نەکرا، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بمەوێت بگریم ئەوا سەیری وێنەکانی رۆژی ماڵئاواییکردنم دەکەم’.
ئێدواردۆ کاماڤینگا، ناوەڕاستکاری ریال مەدرید :’دەمەوێت نازناوی زیاتر لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەدەست بهێنم، سوپاسی هاندەرانی ریاڵ مەدرید دەکەم بۆ پاڵپشتییەکانیان، ئێمە دەمانەوێت ئەمجارەش لەپێناو هاندەرانی ببینە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، بەرەو بردنەوەی پازدەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ، هالا مەدرید’.
خۆسێلۆ، هێرشبەری ریال مەدرید :’ئەگەر تەنیا سێ چوار خولەکیش بە درێسی ریال مەدرید یاریی بکەم دڵخۆش دەبم و شانازی پێوە دەکەم، خەڵکێکی زۆر پێیان گوتم دوای گۆڵەکەم بەرامبەر بایرن میونشن گریاون، ئێمە ئێستا ئامادەین من دڵخۆشم و چێژ لەم ساتانە وەردەگرم، خەریکە بە باشترین شێوە کۆتایی بەم وەرزەمان دەهێنین، بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا پێش یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بیرکردنەوە و هێزێکی باشترمان پێدەدات’.
ناچۆ فیرناندێز، بەرگریکاری ریال مەدرید :’تەواوی یاریزانەکان ئامادەن، ئێمە بە درێژایی ئەم وەرزە چەند پێکانێکمان هەبوو، بەڵام توانیمان بگەینە ئێرە، پێویستە هەموومان چطژ لەم ساتانە وەربگرین، پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین و نازناوەکە بەدەست بهێنین، شانازیی دەکەم لەم یارییە کاپتنی ریال مەدرید دەبم، هەرگیز ئەو ساتانە لەبیر ناکەم کاتێک سێبێلێس نازناوی لالیگامان بەرز کردەوە’.