ئیسپانیائینگلتەرا

گرینوود ماڵئاوایی لە خێتافی دەکات

Yariga App

یاریگا –

مەیسۆن گرینوود، ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتد و ئێستای خێتافی دوێنێ شەو رایگەیاند، چیتر نایەوێت لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە بەردەوام بێت.

دوای تۆمەتی ئازاردانی سێکسی و هێرشکردنە سەر دەزگیرانەکەی، گرینوود چیتر نەیتوانی بە درێسی مانچێستەر یونایتدەوە یاری بکات و لە کۆتا رۆژی گواستنەوەی هاوینەی ساڵی رابردوودا بە خواستن بۆ ماوەی ساڵێک بەرەو خێتافی بەڕێکەوت و لەوێ درێژەی بە کاروانی وەرزشی خۆیدا.

ئاستێکی درەوشاوەی ئەم یاریزانە لەم تیپەدا سەرنجی زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپای راکێشا، لەوانە ئەتلەتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا و باس لەوە کرا کە نوێنەری ئەم دوو یانەیە بەشداری چەندین یاری خێتافییان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سەیری یارییەکە بکەن و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرنامەکانی بکەن.

تاوەکوو دوێنێ شەو چارەنووسی یاریزانە ئینگلیزییەکە دیار نەبوو کە ئایا بۆ وەرزێکی تر لەگەڵ تیپەکەی دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە بۆ یونایتد، بەڵام دوای یارییەکەی شەوی رابردوو، کە دوایین یاری خێتافی لەم وەرزەی لالیگادا بوو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیوی:

زۆر سوپاسی خێزانی خێتافی و هاندەرانی دەکەم بۆ ئەم وەرزە نایاب و ناوازەیە. سوپاس کە واتان کرد هەست بکەم یەکێک لە خۆتانم. چێژم لە هەموو ساتێک وەرگرت لەگەڵ هاوڕێکانم و لەم یانەیەدا. کۆتایییەکی تاڵ و شیرینمان هەبوو، بەڵام یاریکردن بۆ ئێوە شانازی پێ بەخشیم. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە داهاتوودا.


بەم شێوەیە گرینوود نیشانی دا کە چیتر نایەوێت درێژە بە ئامادەبوونی لەم تیپەدا بدات، ئێستاش ماوەتەوە بزانرێت لە گواستنەوەی هاوینەدا بۆ کام یانە دەگوازرێتەوە. دەگوترێت یۆڤێنتوس و چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ بەشێوەیەکی جدی بیر لە گواستنەوەی ئەستێرە ئینگلیزیەکە دەکەن لە پەنجەرەی گواستنەوەی هاوینەدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button