عێراقگرنگترین

سەرۆکی لالیگا: داهاتووێکی گەش چاوەڕێی تۆپی پێی عێراقە

تێباس: ژێرخانی وەرزشی عێراق بەرەوپێشچووە

Yariga App

یاریگا –

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا لە بەغدایە و ئامادەی یاری کلاسیکۆی عێراق لە نێوان قوە جەوییە و زەوڕا دەبێت. لەلایەکی دیکەوە عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دووپاتیکردەوە؛ بڕی سێ ملیار دینار بۆ یانەکانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دابەش دەکرێت.

ئەمشەو کاتژمێر 20:00 بە کاتی هەولێر، یاری کلاسیکۆی عێراق لە نێوان جەوییە و زەوڕا لە یاریگای مەدینە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

لە سەرەتای ئەم وەرزەوە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هاوبەشێتی لەگەڵ لالیگای ئیسپانی راگەیاند و لە چەندین رووی جیاوازەوە، نوێنەرانی لالیگا سەرپەرشتی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەن.

تێباس لەبارەی بەرەوپێشچوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەڵێت

هاوبەشێتییەکی زۆر گرنگ لە نێوان یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و لالیگا هەیە، لە ماوەی رابردوودا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدیکراوە، ئەمەش دەرەنجامی هاوکاری بەردەوامی نێوان یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی و لالیگایە. چەندین توێژینەوەمان لەم بارەیەوە کردووە، هەروەها چەندین سەردانی مەیدانیمان بۆ سەیرکردنی یاریگاکان کردووە. ئەنجامەکان دڵخۆشکەرن.

سەرۆکی لالیگا لەبارەی داهاتووی تۆپی پێی عێراق دەڵێت

لە پەیوەندی راستەوخۆدا بووین، تاوەکو دەستکەوتەکان ببینین، تۆپی پێ داهاتووێکی گەورەی لە عێراق هەیە، بڕوام وایە ئەو پێشکەوتنەی لەسەر ئاستی هەموو یانەکانی بەدیکراوە، کارێکی نایابە و داهاتووێکی گەش چاوەڕێیانە. تێبینی بەرەوپێشچوونی تەواوی یانەکانم لەڕووی ژێرخان و یاریگای وەرزشییەوە کردووە.

عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەبارەی گرنگی هاوبەشێتییان لەگەڵ لالیگا دەڵێت

4ی یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی 2023 رۆژێکی دڵخۆشکەربوو بۆ وەرزشی عێراق، چونکە لەو رۆژەدا هاوبەشێتی نێوان یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و لالیگا واژۆ کرا. گرنگییەکی زۆر بە پلانەکانی ستراتیجی ئێمە دراوە و دەمانەوێت کاری گەورە بکەین. هاوبەشێتیمان لەگەڵ لالیگا زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و بەردەوام ئاگاداری یەکترین. ئێستا خەریکی دانانی ستراتیجیەتێکی روونین، تاوەکو خولی ئەستێرەکانی عێراق و خولی تەمەنە جیاوازەکان بەرەوپێشببەین.

درجال لە لێدوانە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ تێباس دووپاتیکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، بڕی سێ ملیار دینار بۆ تەواوی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق خەرج بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button