راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

گەرمە لە دهۆک یارییەکانی دەکات؛ پێشمەرگە چۆن دەگاتە خولی ئەستێرەکانی عێراق؟

Yariga App

یاریگا –

پێشمەرگەی سلێمانی جارێکی دیکە هەنگاوێک لە خەونە لەمێژینەکەی نزیکبووەتەوە و لە قۆناخی پاڵاوتنی کۆتایی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق هاوشانی حەفت یانەی دیکە کێبڕکێ لەسەر دوو بلیت و نیو دەکەن.

پێشمەرگەی سلێمانی نزیکە ببێتە پێنجەمین نوێنەری هەرێمی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کە ئێستا چوار یانە (زاخۆ، دهۆک، نەورۆز، هەولێر) لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکەن.

پێشمەرگەی سلێمانی چۆن گەیشتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق؟

پێشمەرگەی سلێمانی لە کۆمەڵەی یەکەم بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمی بەدەستهێنا کە گەرمە بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، یانەکانی ناسڕییە و ئیتیساڵات هاوشانی گەرمە و پێشمەرگە لە کۆمەڵەی یەکەم گەیشتنە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لە هەر کۆمەڵەیەکدا چوار یانە سەرکەوت.

پێشمەرگەی سلێمانی کە لە وەرزەکانی ئەمدواییە هەمیشە هەنگاوێک لە سەرکەوتنی دووربووە، لە کۆمەڵەکەی لەکۆی 20 یاری نۆ بردنەوە و نۆ یەکسانبوونی بەدەستهێنا و تەنیا لە دوو یاریی تووشی شکست بوو، پێشمەرگەکانی سلێمانی 30 گۆڵیان کرد و 16 گۆڵیان لێکرا.

چۆنییەتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق

ئەو هەشت یانەیەی لە هەر دوو کۆمەڵە سەرکەوتوون، دابەشی دوو کۆمەڵە دەکرێن کە کۆمەڵەی یەکەم لە یانەکانی (گەرمە، جۆلان، ناسڕییە، رەمادی) پێک دێت، کۆمەڵەی دووەمیش لە یانەکانی (دیالا، پێشمەرگەی سلێمانی، مەسافی، ئیتیساڵات) پێک دێت، لە هەر کۆمەڵەیەک یانەکان یاریی چوون و گەڕانەوە لەگەڵ یەکتری یاریی دەکەن و لەکۆی ئەو شەش گەڕەی لە هەر کۆمەڵەیەک بەڕێوە دەچێت، پاڵەوانی کۆمەڵەکە یەکلا دەبێتەوە و پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگەنە خولی ئەستێرەکانی عێراق.

خاوەنی پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە و شەڕ لەسەر نیو بلیتەکەی دیکە دەکەن و براوەیان رووبەڕووی خاوەنی پلەی هەژدەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتەوە بۆ ئەوەی یەکلای بکەنەوە وەرزی داهاتوو کامیان لە ریزی یانە پیشەگەرەکانی عێراق یاریی دەکات.

یانەی گەرمە یارییەکانی لە یاریگای دهۆک دەکات

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی گەرمە بڕیاریداوە یارییەکانی لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنی گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق بگوازێتەوە یاریگای دهۆک و لەوێ میوانداریی یارییەکانی بکات.

دەستەی کارگێڕی یانەی گەرمە بەهۆی ئامادەیی یاریگای دهۆک و ئاسوودەیی یاریزانەکانی لەو شارەی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە یارییەکانی لە قۆناخی کۆتایی خولی ئەستێرەکانی عێراق بگوازێتەوە یاریگای دهۆک، لە کاتێکدا یانەکە لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق یارییەکانی لە یاریگای خۆی لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار دەکرد.

سێ یاریزانی کورد (کۆسرەت بایز، گۆڕان عیماد، رێباز عەبدوڵا) لە ریزی یانەی گەرمە یاریی دەکەن و کاوە ئیبراهیم راهێنەری گۆڵپارێزی یانەکە و رەوەند عەبدولخاڵق سەرپەرشتیاری تیپەکە کوردن.

May be an image of 6 people, people playing football, people playing American football and text

بابەتی زیاتر

Back to top button