کوردستان

بیلال ساڵح: هەندێ جار خولی عێڕاق بۆ یاریزانی کورد دەبێتە کێشە

بیلال ساڵح کاپتن و گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی یانەی برایەتی لە خولی نایابی کوردستان دەیەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاری بکات و تا ئێستاش بڕیاری کۆتایی لە سەر داهاتووی خۆی نەداوە.

لە سەر بار و دۆخ و داهاتوو و ئامانجی یاریزانەکە بۆ وەرزی داهاتوو تۆڕی وەرزشی یاریگا پەیوەندی بە بیلال ساڵح کرد و لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندین: ئەگەر لە خولی کوردستان بمێنمەوە بە ڕێژەیەکی زۆر لە یانەی برایەتی دەمێنمەوە چونکە ئەم یانەیە چەند وەرزێکە یاری بۆ دەکەم و لای من یانەیەکی تایبەتە، بەڵام وەکو ئامانجی خۆم حەزدەکەم لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاری بکەم هەر چەندە وەکو فەرمی گرێبەستم بۆ نەهاتووە بەڵام کاتەکە گونجاو نیە بۆ ئەوەی گرێبەستم پێشکەش بکەن چونکە هێشتا چەند یاریەکی ئەم وەرزە ماوە لە خولەکە تەواوبێت و کاتێکی زۆریش ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی خولی نایابی کوردستان.

له پرسیارێکی تۆڕی وەرزشی یاریگادا کە ئایا ئەگەر گرێبەستێکی لە یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقەوە بۆ بێت بڕەکەی کەمتر بێت لە بڕی گرێبەستی یانەیەک کە لە خولی نایابی کوردستانەوە پێشکەشی دەکرێت ئامادەیە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەکەمتر یاری بکات؟ بیلال گوتی: نەخێر ئامادەنیم بەڵکو چەند ملیۆنێکیش زیاتر بێت هێشتا من خولی کوردستان هەڵدەبژێرم چونکە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ماوەکەی زۆر دوور و درێژە، هەندێ جار خولی عێڕاق بۆ یاریزانی کورد ئەبێتە کێشە چونکە زۆربەی جار لە سەر کورسی یەدەگە و هەلی باشی پێنادرێت بۆ ئەوەی توانای خۆی بسەلمێنێ کە ئەم دیاردەیەش ساڵانە لە یانەکان دووبارە دەبنەوە، ئەگەر بڕیار بێت لە خولی عێڕاق یاری بکەم ئارەزوو دەکەم بۆ یەکێک لەم چوار یانە کوردیە بێت، ئەگەریش لە خولی کوردستان بمێنمەوە دەمەوێت بۆ یانەی برایەتی یاری بکەم.

کاپتنەکەی یانەی برایەتی  هەرچەندە لە هێلی ناوەڕاست یاری دەکات بەڵام وەرزی ڕابردوو پێنجەم گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان بوو بە تۆمار کردنی 11 گۆڵ.

بابەتی زیاتر

Back to top button