لە دوا یاری قۆناغی یەکەمی خولی نایابی عێڕاق یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە یاری لوتکەی ئەم گەڕە لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی ناسڕیە دەکات.
لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی نایابی عێڕاق و لە دوا یاری ئەم قۆناغەدا یەک شەممە 26\5\2024 کاتژمێر 3:45 خولەکی ئێوارە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و یانەی ناسڕیە لە شاری سلێمانی یاری دەکەن، وێڕای سەرکەوتنی یانەی پێشمەرگە بۆ قۆناغی داهاتوو بەڵام دەیەوێت ئەم یاریە بە سەرکەوتن کۆتایی پێبێنێت چونکە لە ئەگەری شکستی یانەی گەڕمە بەرامبەر یانەی عەفک ئەوا پێشمەرگەی سلێمانی بە پلەی یەکەم سەردەکەوێت بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە و خۆی لە هەندێ یانەی بەهێزی کۆمەڵەی دووەم دوور دەخاتەوە، لەم کۆمەڵەیە بە فەرمی هەر دوو یانەی سامەڕا و شەڕگات بۆ خولی پلە یەکی عێڕاق دابەزیون.
کۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی عێڕاق کۆتایی هاتووە و هەر چوار یانەی دیالە و جەوەلان و مەسافی و ڕوومادی سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە، یانەی گازی باکوور لەم کۆمەڵەیەدا توانی مانەوە مسۆگەر بکات تا ئێستا بەڵام لە چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاقە چونکە تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە سێ یانە دادەبەزێت یاخود دوو یانە، هەر دوو یانەی کوفە و دیوانیەش بۆ ڕیزی پلە یەکی عێڕاق دابەزیون.