ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بنکۆڵکاری؛ چیرۆکی شاراوەی دوورخستنەوەی چاڤی چییە؟

تەواوی وردەکارییەکانی دوو مانگی رابردووی کەیسی دوورخستنەوەی چاڤی

Yariga App

یاریگا –

هەینی رۆژێکی ناخۆشی چاڤی هێرناندێز بوو، لەگەڵ بەخەبەرهاتنی هەواڵی رۆژنامەکانی خوێندەوە و شۆک بوو.

لەگەڵ خوێندنەوەی راپۆرتەکان و نزیکبوونەوەی بارسێلۆنا لە هانسی فلیک، هەستی جیاواز لای ئەفسانەکەی بارسا دروستبوو.

پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان، چاڤی دووجار هەوڵی کۆبوونەوەی لەگەڵ لاپۆرتادا، بەڵام سەرۆکی بارسا ئامادەنەبوو وەڵامی داواکارییەکانی بداتەوە. چاڤی دەیەویست دیدگای خۆی لەبارەی داهاتووی بخاتەڕوو، لە کۆتاییدا لاپۆرتا وەڵامی چاڤی دایەوە و پێی گوت دووشەممە لە دوای تەواوبوونی وەرز، کۆبوونەوەیەکی فراوان دەکەن.

بەیانی هەینی، چاڤی گەیشتە ئەو بڕوایەی، بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی فلیک بێبنەما نین، بۆیە بۆ سێیەمجار داوای کۆبوونەوەی لە لاپۆرتا کرد.

لاپۆرتا بە داواکەی چاڤی رازیبوو. نیوەڕۆی هەینی هەریەکە لە دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی، رافایێل یوستێ، جێگری لاپۆرتا، ئێنریک ماسیپ و خوان سۆلێر، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی گەیشتنە شوێنی مەشقەکانی بارسا.

کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان دەستەی کارگێڕی بارسا و ستافی راهێنەرانی چاڤی رێکخرا، هەریەکە لە ئۆسکار هێرناندێز، برای چاڤی و سێرجیۆ ئالێگری، راهێنەری تۆپە وەستاوەکان ئامادەی بوون.

کۆبوونەوەکە درێژ نەبوو، قسەکان زۆر لەسەرخۆ و بەهێمنی کران، لاپۆرتا زوو بە چاڤی گوت، دەستەی کارگێڕی بڕیاریداوە چیدیکە بەیەکەوە کار نەکەین، هەرچەندە یەک مانگ بەسەر مانەوەی چاڤی تێپەڕیبوو.

چاڤی، خوان لاپۆرتا و دێکۆ لە ساتی گەیشتن بە رێککەوتنی مانەوەی چاڤی

باشە چۆن لاپۆرتا بڕیارەکەی گۆڕی؟

یاری 16ی ئەم مانگەی نێوان بارسێلۆنا و ئالمێریا، خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان چاڤی و بارسێلۆنا بوو، راهێنەرە ئیسپانییەکە بەر لە یارییەکە گوتی

هاندەرانی بارسێلۆنا دەبێ تێبگەن، بە دۆخێکی سەخت تێدەپەڕین و لەڕووی ئابوورییەوە، دۆخی یانەکە سەقامگیر نییە. دۆخی داراییمان هاوشێوەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا نییە، ئەوکات راهێنەر داوای هەر یاریزانێکی کردایە، دەستبەجێ بۆیان دەگواستەوە، بەڵام ئێستا دۆخەکە بەمشێوەیە نییە. دەبێ هاندەران تێبگەن، هەموومان بەیەکەوە هەوڵی باشترکردنی دۆخەکە دەدەین، ئەمەش مانای ئەوەنییە رکابەری ناکەین، بەڵام هەموو هەوڵێک بۆ رکابەری دەدەین.

هەرچەندە چاڤی هیچ قسەیەکی هەڵە و نادروستی نەکردووە، چونکە قەیرانی دارایی بارسا قووڵە و سنووری بۆ چاڤی داناوە، بەڵام ئەم قسانە کاریگەری تەواوییان لەسەر لاپۆرتا دروستکرد.

چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە لاپۆرتا بە تۆڕی ئاتلێتیک-یان راگەیاندووە، چاڤی خیانەتی لێکردووە و لەسەر زۆر بابەتی دیکە رێککەوتبوون.

قسەکانی چاڤی وەک رژاندنی بەنزین بوو، وردە وردە ئاگری کێشەکان تەشەنەی کرد، دۆخی ناوخۆیی یانەکە تەواو ناسەقامگیر بوو.

شەوی 24ی مانگی ئەپریل/نیسانی رابردوو، لاپۆرتا هەریەکە لە چاڤی، دێکۆ، ماسیپ، سۆلێر و ئالێخاندۆ ئێچێڤاریا، راوێژکاری لاپۆرتا بانگهێشت کردبوو. خوان بە تەلەفۆن داوای خواردنی لە چێشتخانەی پارکۆی تایبەت بە خواردنی ژاپۆنی کرد. کۆبوونەوەی بەرپرسانی بارسا بۆ ئاهەنگگێڕان بوو بە مانەوەی چاڤی وەک راهێنەری بارسا، بەڵام دەرەنجامەکەی تەواو پێچەوانە بوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستەی کارگێڕی بارسا روونیکردووەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دوورخستنەوەی چاڤی لە پۆستەکەی، لاپۆرتا بڕیاری کۆتایی خۆیدابوو و چاوەڕێی کاتی گونجاوی دەکرد، تاوەکو چاڤی دووربخاتەوە، واتە بڕیارەکە پێشوەخت دراوە و ماوەی مانگێکە لە نێو سووچی ژووری کۆبوونەوەکانی بارسا دەخوولێتەوە.

با بگەڕێینەوە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، راوێژکاری لاپۆرتا پێشنیازی دوورخستنەوەی چاڤی خستە بەردەم سەرۆکی یانەکە، دوای زنجیرەیەک لە ئەنجامی خراپ لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ.

چاڤی لەگەڵ ئۆسکار هێرناندێز، برا و یاریدەدەری

کێشەکانی نێوان لاپۆرتا و چاڤی تەشەنەیانکرد، کاتێک لاپۆرتا دەستوەردانی لە پێکهاتەی یارییەکەی نێوان بارسا و رۆیاڵ ئانتڤیرپی لە چامپیۆنزلیگ کرد، دوای ئەو یارییەش بارسێلۆنا 4-2 بە جیڕۆنا دۆڕا. هۆکاری دۆڕانەکە خرایە ئەستۆی چاڤی، چونکە بەر لە یارییەکە سێ رۆژ پشووی بە یاریزانانی دابوو، هەروەها یاریزانەکانی بانگهێشتی گەشتێکی دەرەوەی بارسا کردبوو.

زیادبوونی ناکۆکییەکان وای لە چاڤی کرد، لە 27ی یەنایەر/کانوونی دووەمی رابردوو و لە دوای دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر ڤیاڕیال بە ئەنجامی 5-3 بڕیاری جێهێشتنی بارسا لە کۆتایی وەرز بدات.

دوای بڕیارەکەی چاڤی، ئەنجامەکانی بارسا باشتربوون، تەنانەت لە 13 یاری یەک بەدوای یەکدا نەدۆڕا، ئەمەش دەنگەکانی هێشتنەوەی چاڤی لە نێو یانەکە زیادکرد، لاپۆرتاش لە سەرووی هەموویانەوە داوای مانەوەی کرد.

هەرچەندە بە ئاشکرا، لاپۆرتا داوای مانەوەی چاڤی دەکرد، بەڵام سەرۆکی یانەکە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی، ئیدی کاتی گۆڕینی چاڤییە.

بۆچی لاپۆرتا بڕیاری دوورخستنەوەیدا؟

کاروانی ئەنجامە ئەرێنییەکانی بارسا لەسەر دەستی پاریس سانجێرمان لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کۆتاییهات، ئەمەش بەر لە دۆڕانی دووەم کلاسیکۆی وەرز بەرامبەر ریال مەدرید. جیا لەمە کێشەکانی نێوان چاڤی و دەستەی کارگێڕی زیادبوون و کاریگەری لەسەر مەشقەکانی یانەکەش دروستکردبوو.

سەرچاوەی نزیک لە چاڤی دەڵێن؛ چڕی خشتەی مەشقەکان کاریگەری لەسەر ئاستی یانەکە دروستکردبوو، بەڵام دەستەی کارگێڕی لەم بابەتە تێدەگەیەشتن، تەنانەت رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لە سەرەتای ئەمساڵ سەردانی ئۆفیسی چاڤی کرد و گلەیی لە زۆری و چڕی مەشقەکان کرد.

هەرچەندە چاڤی رۆژێک بەر لە یارییە یەکلاییکەرەوەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ، پشووی بە یاریزاناندا، بەڵام یاریزانان خۆیان چوونە ناوەندی مەشقەکان و مەشقییان کرد. ئەمانە هەمووی خاڵی نەرێنییان لەسەر چاڤی زیادکرد.

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا لەبارەی چاڤی دەڵێت

تاوەکو ئێستا چاڤی شێوەی بیرکردنەوەی وەک یاریزان بۆ راهێنەر نەگۆڕیوە، کاتێک تۆ بەرپرسی لە ژووری جلگۆڕین، دەبێ زیاتر خۆت ماندوو بکەیت و کاتی زیاتر لە مەشقەکان و راهێنانی یاریزانان بەسەرببەیت.

کێشەیەکی دیکەی نێوان چاڤی و دەستەی کارگێڕی، کەیسی ڤیتۆر رۆکی و لیڤاندۆڤسکی بوو.

سەرچاوەی نزیک لە لاپۆرتا بە ئاتلێتیکی راگەیاندووە، سەرۆکی بارسا لە دوو مانگی رابردوودا داوای لە چاڤی کردبوو، پلانی فرۆشتنی لیڤاندۆڤسکی دابڕێژێت، بەڵام چاڤی داوای لە لاپۆرتا کردبوو، دەبێ بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکرێت، چونکە گەرەنتی بوونی پارەی تەواو بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەی لیڤا نەبوو.

لە دوا حەوت یاری لالیگادا، چاڤی شەش جار لە حەوت یاریدا گۆڕانکاری بە لیڤاندۆڤسکی کرد، ئەمەش کێشەی لە نێوان یاریزانەکە و دەستەی کارگێڕی دروستکرد، هەردوولا پێیان وابوو چاڤی بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەستێرە پۆڵەندییەکە دەکات.

چاڤی لە بەرامبەر رۆکێ زۆر توند بوو، تەنانەت دەرفەتەکانی دەرکەوتنی لە تیمی یەکەمدا نەهێشتبوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر متمانەی یاریزانەکە دروستکرد.

سەرچاوەکە دەڵێت؛ چاڤی و ستافەکەی زۆر بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی لیڤاندۆڤسکی و رۆکیدا کرد، چاڤی دەیزانی، بڕیارەکانی دژی ئارەزووی دەستەی کارگێڕی بوون، بەڵام چاڤی گرنگی بەو بابەتە نەدا و زۆر راستەوخۆ و توند مامەڵەی کرد.

لە یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا، رافینیا دەمەقاڵییەکی توندی لەگەڵ ئۆسکار، برا و یاریدەدەری چاڤی کرد، ئەمەش دوای ئەنجامدانی گۆڕانکارییەک. لە دوای یارییەکە چاڤی بە رافینیای گوت، ئەگەر هەڵسوکەوتت بەمشێوەیە بێت، بەشداری یاری داهاتوو ناکەیت.

لە دوای دۆڕانی یارییەکەی بەرامبەر جیڕۆنا 4-2، چاڤی خەریکی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بوو، کەچی هەریەکە لە دێکۆ، لاپۆرتا و چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەکە، لە دەرەوەی یاریگای مۆنتیلیڤی کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد.

ئەنجامی یارییەکەی جیڕۆنا، خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان چاڤی و لاپۆرتا بوو، چەند هەفتەیەک دوای یارییەکە، کێشەکانی نێوان چاڤی و لاپۆرتا پەرەیانسەند و ئەمەش وایکرد چاڤی بە راشکاوی باسی ئامانج و دۆخی یانەکە بکات.

لە دوای یارییەکەی ئالمێریا، لاپۆرتا کۆبوونەوەیەکی لە ماڵەکەی رێکخست، چونکە لاپۆرتا پێی وابوو، چاڤی خیانەتی لێکردووە. لە کۆبوونەوەکەی ماڵی لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە داوای روونکردنەوەی لە چاڤی کرد و لێی پرسی، تاوەکو چەند بڕوا و متمانەت بە پێکهاتەی ئێستای بارسا هەیە، لە وەڵامدا چاڤی روونیکردەوە، متمانەیەکی زۆری هەیە، تەنیا پێویستی بە چەند گۆڕانکارییەکە، تاوەکو بگەڕێتەوە کەشی رکابەرییەکان.

پێشبینی دەکرا لاپۆرتا لە دوای لێدوانەکان، بە توندی دژی چاڤی بوەستێتەوە، بەڵام قسەکانی چاڤی لە ماڵەکەیدا، رای لاپۆرتای گۆڕی و بڕیاری هێشتنەوەیدا.

سەرچاوەیەک لە نێو دەستەی کارگێڕی بارسا دەڵێت

شتێکی جوان نییە بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەفسانەی یانەکە بکرێت، پێشتر بە هەڵە مامەڵە لەگەڵ دۆخی لیۆنێل مێسی و رۆناڵد کومان کرا، ئێستاش لەگەڵ چاڤی هەمان سیناریۆ دووبارەبووەتەوە. بەڵام ئەوەم من لێی دڵنیام، لاپۆرتا هەرگیز متمانەی تەواوی بە چاڤی نەبووە.

خوان لاپۆرتا و ڤیکتۆر فۆنت، کاندیدی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا (2021)

کاتێک لاپۆرتا هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بارسێلۆنای دەستپێکرد، ناوی چاڤی لە نێو پڕۆگرامەکەیدا نەبوو، بەڵام ناوی چاڤی لە چەقی هەڵمەتەکەی ڤیکتۆر فۆنت، رکابەری لاپۆرتا هەبوو.

بەڵام لە دوای دوورخستنەوەی کومان، لاپۆرتا وەک کەیسێکی فریاگوزاری بیری لە چاڤی کردەوە، دەستنیشانکردنی وەک چارەسەرێکی هاوسەنگبوو بۆ هەردوولا؛ چاڤی بە خەونەکەی گەیشت و لاپۆرتاش چاوی لە چارەسەری کاتیی بوو، تاوەکو پڕۆژەکەی جێبەجێبکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لاپۆرتا دەیەوێت لە دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی خانمان، لەگەڵ چاڤی کۆببێتەوە، چونکە نایەوێت هیچ کێشەیەکی گەورە دروستببێت و کاریگەری لەسەر یاریزانان دروست بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button