یاریگا –
دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز لە پۆستی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا، جیا لە کاریگەری تەکتیکی، کاریگەری داراییشی لەسەر یانە کاتالۆنییەکە هەیە.
چاڤی لە ساتێکی زۆر هەستیاردا پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، سەرەڕای قەیرانەکانی نێو یانەکە، توانی لە یەکەم وەرزدا نازناوی لالیگا بباتەوە. بەڵام لە ناوەڕاستی ئەم وەرزە، بڕیاری جێهێشتنی یانەکەی لە کۆتایی وەرزدا، پاشان خوان لاپۆرتا فشاری زۆریکرد و توانی چاڤی بە تەواوکردنی ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 رازی بکات، بەڵام دوای ئەوەی چاڤی باسی قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری کرد، لاپۆرتا بڕیاری دوورخستنەوەیدا.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دوورخستنەوەی چاڤی نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ زیان بە بارسێلۆنا دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا گرێبەستی هانسی فلیک 30% کەمترە لە دوا گرێبەستی چاڤی، ئەمەش بەهۆی سنووری دارایی مووچە کە لەلایەن لالیگاوە بەسەر بارسا سەپێندراوە.
سەرەڕای کێشەکانی نێوان چاڤی و سەرۆکی بارسا، رۆژنامە مەدریدییەکە پێشبینی لێخۆشبوونی چاڤی لە مافی دارایی خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەکات، ئەمەش یارمەتییەکی زۆری یانە کاتالۆنییەکە دەدات.