ئینگلتەراگرنگترین

پەرلەمانتارێکی بەریتانیا لەسەر تۆمەتەکانی پاڵ مان سیتی هاتەدەنگ ”جیاوازی مەکەن”

115 تۆمەتی سەرپێچی دارایی مان سیتی خەریکە دەتەقێتەوە

Yariga App

یاریگا –

پەرلەمانتارێکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا داوای دەستبەجێ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی 115 تۆمەتەکەی سەر مانچێستەر سیتی دەکات.

سیتیزنز نزیکە لە چوارەم نازناوی لەسەریەکی پرێمەرلیگ، کە یەکەمجارە لە مێژوودا یانەیەک چوارجار لەسەریەک نازناوی پرێمەرلیگ (خولی ئینگلیزی) بباتەوە. بەڵام لە ساڵی 2020، 115 تۆمەتی سەرپێچی دارایی خرانە پاڵ مان سیتی. ئەگەر تۆمەتەکان ساخ ببەنەوە، مەترسی دابەزینی یانەکە بۆ چامپیۆنشیپ دەکرێت.

کاڕۆلین دێنێنەیج، پەرلەمانتاری بەریتانیا پێی وایە لێکۆڵینەوەکان زۆر دواکەوتوون و دەبێ هاوشێوەی ئێڤەرتن و نۆتینگهام فۆرێست، پەلە لە لێکۆڵینەوەکان بکرێت و نابێ جیاوازی لە نێوان یانەکانی پرێمەرلیگدا هەبێت.

دێنێنەیج لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە پێگەی پۆلیتیکس هۆم بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت

بابەتەکە زۆری کێشا و نادادپەروەری دەکرێت، چونکە یانەی وەک ئێڤەرتن زوو لێکۆڵینەوە کرا و زووش خاڵییان لێکەمکرایەوە، کەچی ژمارەیەکی زۆر تۆمەت خراونەتە پاڵ مان سیتی و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوی یاسایی نەنراوە، رەنگە بۆ ماوەی چەندین ساڵیش کەیسەکە دوابخەن. لێرە هەست دەکەیت، دوو جۆرە سیستم لە پرێمەرلیگ هەیە، کاتێک سەرۆکی پرێمەرلیگ دێت و بەڵگە پێشکەشی لیژنەی دیاریکراو دەکات، قسە لەسەر یانەی گەورە و یانەی بچووک دەکات، ئەمەش نادادپەروەرییە. قسەم لەگەڵ لیژنەکە کردووە و هەمووان هەست بە دواخستنی کەیسەکە دەکەن. بەهیچ شێوەیەک نابێ جیاوازی لە نێوان یانەکاندا بکرێت.

ریچارد ماستەرز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرێمەرلیگ لەبارەی جیاوازیی کردن لە نێوان یانەکانی پرێمەرلیگ روونیکردووەتەوە، کەیسی ئێڤەرتن و نۆتینگهام ئاسانبوو، بۆیە زوو یەکلاییکرایەوە، پێچەوانەی کەیسی 115 تۆمەتەکەی سەر مان سیتی، کە زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە وردبینی و لێکۆڵینەوەی زیاترە.

تۆمەتی یانەکان زۆر جیاوازن، ئەگەر هەر یانەیەک، پاڵەوان بێت یاخود نا، یاساکانی پێشێل کردبێت، سزادەدرێت، هاوشێوەی ئێڤەرتن و نۆتینگهام فۆڕێست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

تاوەکو ئێستا هیچ رێکەوتێک بۆ راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەر 115 تۆمەتەکەی مان سیتی دیارینەکراوە، بەڵام چەند میدیایەکی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت ئەنجامەکان لە سەرەتای مانگی پاییزی داهاتوو ئاشکرا بکرێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button