عێراق

سەمیر بابۆ: لەبەر دوو هۆکار ئەرکی راهێنەرایەتی هەولێرم وەرگرتووە و هاندەران منیان سەرسام کردووە

Yariga App

یاریگا –

سەمیر بابۆ لە یەکەم لێدوانی دوای وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی :’لەبەر دوو هۆکار ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێرم وەرگرتووە، یەکەمیان لەبەر خراپی دۆخی یانەکە هیچ راهێنەرێکی ناوخۆیی و بیانی ئامادە نەبوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە ئەستۆ، کە بڕوام وایە مافی خۆشیان بوو، دووەمیان من کوڕی ئەو یانەیەم و پشتیوانییەکی زۆری هاندەرانم لێکرا و من ساڵانێکی زۆر لەم یانەیە یاریم کردووە و کارم کردووە’.

گوتیشی :’من پێش هەموو شتێک دەمەوێت سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بکەم، لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆکی یانەکە، بۆ ماوەی 10 ساڵ لەو یانەیە کارم کرد، ئەگەر پشتیوانی سەرۆکی یانەکە نەبووایە من نەمدەتوانی هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنم، بۆیە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بم یان لە دەرەوە، من هەر بەشێک دەبم لەو یانەیە’.

هاندەرانی یانەی هەولێر بە پشتگیرییەکانیان منیان سەرسام کردووە و بەڵێنم داوە تا کۆتایی وەرز هەموو کاتی خۆم بۆ یانەکە تەرخان بکەم و لە ماڵەوەش هەر کار بکەم بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بم.

هەروەها گوتیشی :’بەداخەوە تیپەکەمان لە رووی توانای جەستەییەوە باش نییە و ئەنجامەکانی ئەمدواییەی باش نین و لە ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە خوارەوەی ریزبەندین، بەڵام متمانەم بە تیپەکە هەیە و بە پشتیوانی دەستیە کارگێڕی و هاندەران و میدیاکاران هەموو هەوڵێک دەدەین ئەنجامی باش بۆ یانەکە بەدەست بهێنین، چونکە کەس هیوا بەوە ناخوازێت یانەکە دابەزێت’.

لەبارەی هاندەرانی یانەکە گوتیشی :’من پێشتر لەوانەیە هەندێک شتم زانیبێت، بەڵام هەرگیز نەمدەزانی هاندەرانی یانەی هەولێر هێندە پشتگیریم دەکەن و یانەکەیان خۆش دەوێت، ئەمەش ئەرکی منی قورستر کردووە و وای لێکردووم شەو و رۆژ بخەمە سەریەک بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کاری خۆم بکەم، بڕیارمداوە تاوەکو کۆتایی وەرز لە ماڵەوەش هەر خەریکی کارکردن بم، بۆ ئەوەی بتوانم لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بم کە پێم سپێردراوە’.

هەولێر لە یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی سەمیر بابۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2-1 بە زاخۆ دۆڕا، بەڵام هاندەرانی یانەکە لە ئاستی یانەکەیان رازی بوون، کە هەولێر بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی پازدەم دێت و رۆژی یەکشەممە لە گەڕی سی و یەکەمین دەبێتە میوانی ئەمانەی بەغدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button