کوردستان

یادگار ئیبراهیم: ئامانجی داهاتووم یاریکردنە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق

Yariga App

ئەستەمە وەرزی داهاتوو گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان لە یانەیەکی بەشدار لە خولەکە ببینین و یاریزانەکە ئارەزووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکات.

یادگار ئیبراهیم ئەستێرەی یانەی سەید سادق و گۆڵکاری وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان پێدەچێت وەرزی داهاتوو بۆ یەکێک لە یانە کوردستانیەکان یاری بکات لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یادگار لەم بارەیەوە بەمشێوەیە باسی داهاتووی خۆی کرد بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا: ئامانجی سەرەکیم لە وەرزی داهاتوو یاریکردنە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کە ئێستا یەکێک لە یانە کوردستانیەکان کە بەشدارن لە خولەکە پەیوەندیان پێوە کردووم بەڵام من تا ئێستا بەڵێنی یەکجاریم نەداوە کە یاریان بۆ بکەم، هەوڵدەدەم بە ووردی ڕەچاوی گرێبەستەکان بکەم چونکە لە پێنج شەش یانە نایابەکانی کوردستانیش گرێبەستم بۆ هاتووە بۆ ئەوەی یاریان بۆ بکەم، بەڵام ئەگەر بڕی گرێبەستم لە یانە کوردستانیەکان زیاتریش بێت لەو گرێبەستەی لە خولی عێڕاق بۆم دێت ئەوا من هەر خولی عێڕاق هەڵدەبژێرم.

دەربارەی مانەوە یاخود ڕۆیشتنی لە یانەی سەید سادق یادگار ڕایگەیاند: یانەی سەید سادق ئەو یانەیە کە مێژووم لەگەڵی تۆمار کرد و هەمیشە لەدڵم دەمێنێتەوە، ئەگەر لە خولی کوردستان یاری بکەم و یانەی سەید سادق بتوانێ مەرجەکانم جێبەجێ بکات بە دڵنیایی یەوە لە وەرزی داهاتووش یاریان بۆ دەکەمەوە.

یادگار ئیبراهیم وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان 2023 _ 2024 بە هاوبەشی لەگەڵ یاریزان دانا کامەران یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە تۆمار کردنی 18 گۆڵ گۆڵکاری خولی نایابی کوردستان بوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button