عێراقکوردستان

یانەی دهۆک لە یاریەکی بەهێزدا میوانداری یانەی زەوڕا دەکات

Yariga App

دوای شکستەکەی لە گەڕی ڕابردووی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەرامبەر یانەی نەجەف، ئەمشەو یانەی دهۆک لە یاریەکی بەهێزدا ڕووبەڕووی یانەی زەوڕا دەبێتەوە.

چوارشەممە 22\5\2024 کاتژمێر 8:15 خولەکی شەو لە گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یانەی دهۆک لە بەردەم هاندارانی خۆی میوانداری یانەی زەوڕای شاری بەغداد دەکات، یانەی زەوڕا لە 9 یاری ڕابردوودا بە ڕاهێنەرایەتی عیسام حەمەد تووشی هیچ شکستێک نەهاتووە و یانەی دهۆکیش بە ڕاهێنەرایەتی ئەحمەد خەلەف ئەنجامەکانی بەرز و نزمی زۆری پێوە دیارە و ڕەنگە لە شکستی یاری ئەمڕۆیدا هاندەرانی یانەکە زیاتر توڕە بکات  تایبەت دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی دهۆک ڕەخنەیەکی زۆریان ئاڕاستە دەکرد و بەشێکیشیان پێش یاریەکەی نەورۆز داوای دوورخستنەوەیان دەکرد، ئەحمەد خەلەف 17 یاریە ڕاهێنەری یانەی دهۆکە تا ئێستا 6 سەرکەوتن و 8 یەکسان بوون و 3 شکستی هەیە.

هەر دوو یانەی دهۆک و زەوڕا لە مێژدووا 16 یاریان بەرامبەر یەکتر کردووە، یانەی دهۆک 4 بردنەوەی بەدەستهێناوە و یانەی زەوڕاش 7 سەرکەوتنی تۆمار کردووە و لە 5 یاریشدا یەکسان بوونە، گەورەترین سەرکەوتنی یانەی دهۆک لە 27\8\2010 بوو کاتێک بە ئەنجامی 5 _ 1 براوەبوو، گەورەترین سەرکەوتنی یانەی زەوڕاش لە 8\12\2023 بوو واتا لە قۆناغی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کاتێک یانەی زەوڕا بە ئەنجامی 3 _ 0 یاریەکەی بردەوە.

یانەی دهۆک بۆ یاریەکەی ئەمڕۆ لە تواناکانی هەریەک لە یاریزانان هەرێم تەحسین و ڕێوان ئەمین بە هۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت کە ئەوەی دووەمیان تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لە سەر نەدراوە، پێش ئەنجامدانی یاریەکەی ئەمڕۆیان یانەی زەوڕا لە خانەی سێیەمە بە 56 خاڵ و یانەی دهۆکیش بە 44 خاڵ لە پلەی شەشەمی ڕیزبەندی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button