بەناوبانگترین لێدوانی یاریزان و راهێنەران و کەسایەتییە وەرزشییەکان لەبارەی تۆنی کرووس
یاریگا –
تۆنی کرووس ناوەڕاستکاری ئەڵمانی کە بڕیاریدا لە تەمەنی 34 ساڵیدا دوای یۆرۆی 2024 بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت، یەکێکە لە دیارترین ناوەڕاستکارەکانی مێژووی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کە هەمیشە یاریزانان و راهێنەرن بە سەرسامی باسییان کردووە.
ئەستێرە و راهێنەر و کەسایەتییە وەرزشییەکان هەر یەکێکیان لە کاتی جیاواز بە جۆرێک وەسفی کوڕە ئەڵمانییەکەیان کردووە، کە لە ریزی یانەکانی بایەر لیڤەرکوزن و بایرن میونشنی ئەڵمانی و ریال مەدریدی ئیسپانی یاریی کردووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی :’تۆنی کرووس یەکێکە لە مەزنترین و باشترین یاریزانەکانی مێژووی یانەی ریال مەدرید.
زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی :’کرووس یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی مێژووی تۆپی پێ، کاتێک وازم لە کاری راهێنەرایەتی هێنا، بە هەمووان دەڵێم من راهێنەرایەتی تۆنی کرووسم کردووە’.
پیپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی :’لە سەختترین ساتەکاندا دەبینی وەکو بوێرترین کەس دەردەکەوێت’.
خوان رۆمان ریکێلمی، ئەفسانەی تۆپی پێی ئارجێنتینی :’یاریزانێکی زۆر بڕواپێنەکراوە، کاتێک یاریی دەکات نە جلوبەرگی پیس دەبێت و نە ئارەقە دەکات’.
یۆرگن کلۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوولی ئینگلیزی :’تۆنی کرووس یاریزانێکی بێوێنەیە، ئەو لە یاریکردن بە تۆپ بلیمەتە’.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی ریال مەدریدی ئیسپانی :’کاتێک لەگەڵ تۆنی کرووس یاریی دەکەی یاریکردن زۆر ئاسان دەبێت، ئەو هەموو شتێک ئاسان دەکات، بە پاسێک هەموو شتێک دەگۆڕێت’.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی :’هیچ وشەیەکم نییە وەسفی تۆنی کرووسی پێبکەم، ئەو گرنگترین یاریزانە لەناو یاریگا، چونکە بە پاسێک دەتوانێت هەموو شتێک بگۆڕێت’.