هەر چوار یەکەمەکەی ئیتاڵیا بە گۆڕانکاری گەورەوە پێدەنێنە وەرزی نوێ
ئەو چوار یانەیەی لە پلەکانی پێشەنگی خولی ئیتاڵی ئەم وەرزەدا بوون، سەرجەمیان بە گۆڕانکاری گەورەیەوە کۆتایی بەم وەرزە دەهێنن و دەچنە وەرزی نوێ.
یانەی ئینتەرمیلانی خاوەن ناسناوی ئەم وەرزە، لە هاوینی ئەمساڵدا دەدرێتە دەست خاوەنێکی تازە، ئەمەش پاش ئەوەی ستیڤن ژانگی خاوەنی ئێستا نەیتوانی قەرزەکانی بداتەوە لە کاتی خۆیدا. ژانگ 400 ملیۆن یۆرۆی گروپی “ئۆکتری” ئەمریکی قەرزارە و ئەو وادەیە تێپەڕیووە کە دەبوو قەرزەکان بداتەوە. هەربۆیە بڕیار وایە ئۆکتری دەستبەسەر ئینتەرمیلان بگرێت لەبری قەرزەکان. تا ئێستا دیار نیە ئۆکتری خۆیان ئیدی یانەکە بەڕێوەدەبەن یاخود دەیفرۆشنەوە بۆ کەسەی زۆرترین پارەیان پێبدات.
یانەکانی ئەیسی میلان، بۆلۆنیا و یوڤێنتۆس کە لە پلەکانی دووهەم تاوەکو چوارەم هاتن و وەرزی داهاتوو لە خولی پاڵەوانەکان بەشدارن، هەرسێکیان راهێنەرەکانیان دەگۆڕن.
یۆڤی بەفەرمی رۆیشتنی ماکسیمیلیانۆ ئالێگری راگەیاند. هەروەها ئەیسی میلان بڕیاریداوە ستیفانۆ پیۆلی لە ئەرکەکەی دووربخاتەوە.
هەرچی بۆلۆنیایە ناتوانێت پارێزگاری لە تیاگۆ مۆتای راهێنەری بکات بە هۆکاری ئەوەی مۆتا لەلایەن یانە گەورەکانەوە داواکراوە، پاش ئەوەی توانی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئەو یانەیە بگەیەنێتە خولی پاڵەوانەکان.
یەکێک لە یانە خوازیارەکانی تیاگۆ مۆتا، یوڤێنتۆسە کە بەشێوەیەکی نافەرمی گفتوگۆی لەگەڵ ئەو راهێنەرە دەست پێکردووە.
هەرچی ئەیسی میلانە بەگوێرەی گازیتا خوێندنەوە بۆ هەریەک لە پاولۆ فۆنسێکا، سێرجیۆ کۆنسیساو و رۆبیرتۆ دی زێربی دەکات. ئەمەی دواییان رۆیشتنی لە برایتن هەڤ ئەلبیۆن راگەیاند و ئەمەش پڕوپاگندەکانی پەیوەندکردنی بە میلانەوە بەهێزترکردووە.