یاریگا –
دوای یارییەکەی بارسێلۆنا و رایۆ ڤاییکانۆ، لاپۆرتا و چاڤی وەکو نەریتێکی ئاسایی دوای یارییەکان کۆبوونەوە و هیچ بڕیارێکی نوێ و جیاواز نەدرا.
میدیاکانی کەتەلۆنیا ئاشکرایان کردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا و چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا دوای یارییەکەیان بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ کە بە سێ گۆڵی خاوێن بردنەوەیان بەدەستهێنا، کۆبوونەوە و دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەش لەو کۆبوونەوەیە ئامادەبوو، بەڵام یەکەم کەس بوو کۆبوونەوەکەی بەجێهێشت.
شەوی رابردوو کاتژمێر 22:00 بە کاتی ئیسپانیا، لاپۆرتا و چاڤی کۆبوونەوە بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە یەکێک بوو لەو کۆبوونەوانەی وەکو نەریتێک دوای یارییەکان لە نێوان سەرۆک و راهێنەری یانەکە دەکرێن، لەو کۆبوونەوەیە بەهیچ شێوەیەک باسی ناکۆکی و دەنگۆیەکانی دوورخستنەوەی چاڤی نەکراوە.
❌Fin reunión Xavi Laporta. El presidente del Barça abandona el estadio pic.twitter.com/7CX2Hl1G9t
— Víctor Navarro (@victor_nahe) May 19, 2024
جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لەناو یانەی بارسێلۆنا پێیان راگەیاندووە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی چارەنووسی چاڤی دەدرێت، رۆژی شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو لاپۆرتا و چاڤی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی یانەکەیان کۆدەبنەوە.
رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، رۆژانی 25 و 26 ـی ئەم مانگە لاپۆرتا و چاڤی کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکە دەکەن، لاپۆرتا دۆخی تەندروستی باش نەبوو، بۆیە چاڤی دوای یارییەکەی ڤاییکانۆ کۆبوونەوە تایبەتەکەی لەگەڵ لاپۆرتا نەکردووە، سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە پیرۆزبایی لە چاڤی کردووە بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی دووەمی لالیگا و تەقەیان کردووە.
هاندەرانی بارسێلۆنا: بەڵێ بۆ چاڤی و نەخێر بۆ لاپۆرتا
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، هاندەرانی بارسێلۆنا لە یارییی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ چەند جارێک دروشمیان لەدژی خوان لاپۆرتا دەگوتەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەکەیان دەکرد، هاندەران چەند جارێک هاواریان دەکرد ‘بەڵێ بۆ چاڤی، نەخێر بۆ لاپۆرتا’.
هاندەرانی بارسێلۆنا رۆژێک پێش یارییەکەیان لە لالیگا لە یاریی لاوانیش هەمان هەڵسوکەوتیان کرد و دژایەتی لاپۆرتایان کرد و پشتگیریی چاڤییان کرد.
بەهۆی لێدوانەکانی چاڤی پێش یارییەکەیان بەرامبەر ئەلمێریا، پەیوەندی نێوان لاپۆرتا و چاڤی ساردی تێکەوتووە و دەنگۆی ئەوە هەیە کۆتایی ئەم وەرزە دوای یارییەکەی سێڤییا بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی دەدرێت، لەکاتێکدا سێ هەفتە لەمەوبەر راهێنەرەکەی بارسێلۆنا بەردەوامبوونی لە یانەکە راگەیاند.