کێ خیانەتکارە؟ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لاپۆرتا و چاڤی هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە
یاریگا –
وابڕیارە لاپۆرتا و چاڤی لە کۆبوونەوەیەکدا چارەنووسی راهێنەرە کەتەلۆنییەکە یەکلابێتەوە و هەردووکیان بە راشکاوی لەبارەی رووداوەکان روونکردنەوە بدەن.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، وابڕیارە ئەمشەو دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ یان سبەی دووشەممە چاڤی هێرناندێز و خوان لاپۆرتا بە ئامادەبوونی دیکۆ کۆببنەوە، رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە گومان دەکرێت کەسێک هەبێت لاپۆرتای بەڵارێدا بردبێت و هەوڵیدابێت لە چاڤی تووڕە بێت و بڕیاری دوورخستنەوەی بدات.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە، کەسێک هەیە کاریگەری لەسەر لاپۆرتا هەیە و وای تێگەیاندووە کە چاڤی خیانەتکارە و قسەکانی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی ئەلمێریا پێچەوانەی قسەکانی پێشوویەتی.
موندۆ دیپۆرتیڤۆ رایگەیاندووە، مانگێک لەمەوبەر کاتێک گرێبەستەکەی نوێکردەوە، چاڤی گوتبووی بەو یاریزانانەی ئێستا دەتوانێت وەرزی داهاتوو کێبڕکێ لەسەر نازناوەکان بکات، کەچی قسەکانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی هەفتەی رابردوو تەواو پێچەوانەی ئەو قسانەی بوون و گوتی :’وەرزی داهاتوو بەهۆی خراپی دۆخی دارایی ناتوانین کێبڕکێی ریال مەدرید و یانەکانی دیکەی ئەوروپا بکەین’.
گەرچی چاڤی مانگی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەردەوامبوونی لە بارسا راگەیاند، بەڵام لاپۆرتا بەهۆی لێدوانەکانی ئەمدواییەی بڕیاری داوە راهێنەرە کەتەلۆنییەکە لە راهێنەرایەتی یانەکەی دووربخاتەوە.