فەرمی: یۆڤی راهێنەرێکی کاتیی دەستنیشانکرد
یاریگا-یانەی یوڤێنتۆس بڕیاریدا پاولۆ مۆنتێرۆ بەشێوەیەکی کاتی بکاتە راهێنەری یانەکە تاوەکو کاتی دەستنیشانکردنی راهێنەری هەمیشەیی.
رۆژی هەینی، یۆڤی بەفەرمی ماسیمیلیانۆ ئالێگری لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی راهێنەرێکی نوێن، بەڵام تا ئەوکات مۆنتێرۆی راهێنەری تیمی خوار 19 ساڵ ئەرکی بەڕێوەبردنی تیمی یەکەم دەگرێتە ئەستۆ.
مۆنتێرۆ کۆتا دوو یاری ئەم وەرزە بەڕێوەدەبات، یەکەمیان بەرامبەر بۆلۆنیا کە لەگەڵ یۆڤی هەردووکیان خاوەنی 67 خاڵن و بە جیاوازی خاڵ بۆلۆنیا لە پێشە و لە پلەی سێهەم دایە. یاری دووهەمیش بەرامبەر مۆنزا دەبێت.
بیانکۆنێری بڕیاری دوورخستنەوەی ئالێگری دا بەهۆی رەفتارە نا پیشەگەرەکانی لە میانەی یاری کۆتایی جامی ئیتاڵیا و هەروەها دوای یارییەکەش هەڕەشەی لە سەرنوسەری رۆژنامەی توتۆ سپۆرت کرد. ئەمەش وەک هۆکاری فەرمی دوورخستنەوەی راگەیەندرا، بەڵام میدیاکانی ئیتاڵیا پێیان وایە ئەگەر ئەوەش نەبووایە ناوبراو هەر دووردەخرایەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەکان.