هەموو شتێک بزانە؛ هاوکێشەی بەشداریکردنی یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگی پرێمەرلیگ زۆر ئاڵۆزە
تاوەکو 25ی ئەم مانگە هەموو شتێک یەکلایی نابێتەوە
یاریگا –
مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول و ئاستۆن ڤیلا بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکەن؛ تۆتنهام، مانچێستەر یونایتد، نیوکاسڵ و چێڵسی ململانێ لەسەر پلەکانی سەرکەوتوو بۆ یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگ دەکەن.
ئەمڕۆ نەک تەنیا پاڵەوانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەستنیشان دەکرێت، بەڵکو ناسنامەی تیمە سەرکەوتووەکان بۆ پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپاش یەکلایی دەبێتەوە.
چێڵسی هەنگاوی گەورەی بۆ یۆرۆپالیگ ناوە
کۆڵ پاڵمەر لە یاری رابردووی بلوز بەرامبەر بڕایتن، یانە لەندەنییەکەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکانی گەیشتن بە خولەکانی ئەوروپا، دوای ئەوەی 22مین گۆڵی خۆی کرد و تیمەکەی 2-1 یارییەکەی بردەوە.
چێڵسی لە ستامفۆرد بریج میوانداری بۆرنمس دەکات، چاوی تەنیا لە بردنەوەیە، هەرچەندە ئەگەر مانچێستەر یونایتد لە یاری کۆتایی جامی FA بە مانچێستەر سیتی بدۆڕێت، ئەوا چێڵسی دەگاتە یۆرۆپالیگ.
ئەگەر چێڵسی لە بۆرنمس بباتەوە و تۆتنهام بە شێفیڵد یونایتد بدۆڕێت، ئەوا پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ دەگرنەدەست و یۆرۆپالیگ گەرەنتی دەکەن، بەبێ چاوەڕێکردنی ئەنجامی یاری کۆتایی جامی FA لە نێوان مان سیتی و مان یونایتد. ئەگەر لە پلەی شەشەم بمێنێتەوە و مانچێستەر یونایتد جامی FA لەدەستبدات، ئەوا لەگەڵ خاوەن پلەی پێنجەم بەشداری لە یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو دەکات.
ئایا تۆتنهام بەشداری یۆرۆپالیگ دەکات؟
خاوەن پلەی پێنجەمی پرێمەرلیگ بەشداری لە یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو دەکات. ئێستا سپێرز پێنجەمە و سێ خاڵ لەگەڵ چێڵسی خاوەن پلەی شەشەم دوورە. نیوکاسڵ لە یاری رابردوو بە مان یونایتد دۆڕا و هیواکانی گەیشتنی بە یۆرۆپالیگ لەدەستدا.
کەتیبەکەی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ رەنگە پێش کەتیبەکەی ئەینج پۆستێکۆگلۆ بکەوێتەوە، بەڵام دەبێ چێڵسی سەربکەوێت و تۆتنهامیش بە شێفیڵد بدۆڕێت.
مانچێستەر یونایتد شەش خاڵ لە دواوەی تۆتنهام، بۆیە ناتوانێت بەشداری یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو بکات، بەڵام ئەگەر جامی FA بباتەوە، ئەوا خۆکارانە بۆ یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت، بەمەش مان یونایتد هێشتا هیواکانی لەدەستنەداوە.
کێ بەشداری کۆنفرانسلیگ دەکات؟
خاوەن پلەی شەشەمی پرێمەرلیگ بەشداری لە کۆنفرانسلیگی وەرزی داهاتوو دەکات، ئێستا چێڵسی شەشەمە، بەڵام رەنگە تۆتنهام بدۆڕێت و چێڵسی بیباتەوە، بەمەش تۆتنهام دەبێتە پلەی شەشەم و دەچێتە کۆنفرانسلیگ.
لەبەر ئەوەی مانچێستەر یونایتد گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی FA، بەشداریی یانەکانی پرێمەرلیگ لە پاڵەوانیەتییەکانی یۆرۆپالیگ و کۆنفرانسلیگ ئاڵۆزبووە، رەنگە ناچاربین تاوەکو 25ی ئەم مانگە بوەستین، تاوەکو لیستی کۆتایی یەکلاییببێتەوە.
ئەگەر مان سیتی یاری کۆتایی جامی FA بباتەوە، ئەوا خاوەن پلەی حەوتەمی پرێمەرلیگیش کە نیوکاسڵ یونایتدە، بەشداری کۆنفرانسلیگی وەرزی داهاتوو دەکات.
نیوکاسڵ لە دوا گەڕی پرێمەرلیگ بەرامبەر برێنتفۆرد یاری دەکات، ئەگەر مان یونایتد بە برایتن بدۆڕێت و نیوکاسڵ سەربکەوێت، ئەوا ماگپایس پلەی حەوتەم بەناوی خۆیەوە دەکات و بەشداری کۆنفرانسلیگی وەرزی داهاتوو دەکات.
یارییەکانی ئەمڕۆی پلەکانی سەرکەوتوو بۆ پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا
شێفیڵد یونایتد – تۆتنهام | 18:00
برێنتفۆرد – نیوکاسڵ یونایتد | 18:00
چێڵسی – بۆرنمس | 18:00
برایتن – مانچێستەر یونایتد | 18:00
مانچێستەر یونایتد – مانچێستەر سیتی | 25ی ئەم مانگە لە وێمبڵی کاتژمێر 17:00
جامی FA هاوکێشەکە دەگۆڕێت
براوەی جامی FA راستەوخۆ بەشداری لە یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو دەکات، بۆیە هیواکانی مانچێستەر یونایتد بە بەشدارییەکی ئەوروپی زیندووە.
ئەگەر مان سیتی پارێزگاری لە جامەکە بکات، بەمشێوەیەش رێگە بە بەشداری یانەی خاوەن پلەی حەوتەم بۆ کۆنفرانسلیگ دەکات، واتە بە دۆڕانی مان یونایتد لە یاری کۆتایی جامی FA، یەک یانە (خاوەن پلەی پێنجەم) بەشداری یۆرۆپالیگ دەکات و دوو یانە (پلەکانی شەشەم و حەوتەم) بەشداری کۆنفرانسلیگ دەکەن.
ئەگەر مانچێستەر یونایتد جامی FA بباتەوە، دوو یانە (پلەی پێنجەم و پاڵەوانی جامی FA) بەشداری یۆرۆپالیگ دەکەن و یانەیەک (پلەی شەشەم) بەشداری کۆنفرانسلیگ دەکات و یانەی پلەی حەوتەم، بەشداری هیچ پاڵەوانیەتییەکی ئەوروپی ناکات.
ریزبەندی ئێستا – بەشدارییەکانی ئەوروپا
چامپیۆنزلیگ: مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، ئاستۆن ڤیلا
یۆرۆپالیگ: تۆتنهام، مانچێستەر یونایتد (ئەگەر یاری کۆتایی جامی FA بباتەوە)
کۆنفرانسلیگ: چێڵسی
کێ بەشداری پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا دەکات، ئەگەر مان یونایتد جامی FA بەدەست نەهێنێت؛
چامپیۆنزلیگ: مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، ئاستۆن ڤیلا
یۆرۆپالیگ: تۆتنهام، چێڵسی
کۆنفرانسلیگ: نیوکاسڵ