میراتی راستەقینە؛ کڵۆپ لیڤەرپوولی لە لووتکە بەجێهێشت
''نۆڕمال وەن نییە و سپێشەڵە''
یاریگا –
هاندەرانی لیڤەرپوول بە شێوەیەکی ئەفسووناوی ماڵئاوایی لە یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی دەکەن. دوای ئەوەی نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگی جارێکی دیکە گەڕاندەوە گەنجینەی پڕ لە نازناوی یانەکە و پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ هاندەران و خەڵکی لیڤەرپوول دروستکرد.
دوای ئەوەی لە یەنایەر/کانوونی دووەمی رابردوو، کڵۆپ بڕیاری جێهێشتنی یانەکەیدا، لەو ساتەوە هەستێکی پڕ لە نیگەرانی دڵی لیڤەرپوولییەکانی گرت و ئێستا هەمووان بە گومانەوە سەیری داهاتوو دەکەن.
لە دوای بیڵ شانکڵی، راهێنەری ئەفسووناوی لیڤەرپوول، یەکەمجارە راهێنەرێک کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر یانە و هاندەران دروستبکات. چونکە ئەوەی کڵۆپ دروستکردووە، بە ئاسانی لەناو ناچێت و لیڤەرپوولییەکان دەیانەوێت بەرۆیشتنی یۆرگن، فەلسەفەکەی بەردەوام بێت.
”نۆڕمال وەن”
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری لیڤەرپوول لە ساڵی 2015. کڵۆپ خۆی وەک کەسێکی خاکەڕا ”نۆڕمال وەن” وەسفکرد. ئەمەش وەک پێچەوانەی گوتە بەناوبانگەکەی جۆزێ مۆرینیۆ کە بە ”سپێشەڵ وەن” ناسراوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی کڵۆپ، مۆرینیۆ چێڵسی جێهێشت و لە پرێمەرلیگ نەما.
سەرەڕای ئەوەی خۆی وەک راهێنەرێکی ئاسایی وەسفکرد، بەڵام هەرگیز وا نەبوو. کڵۆپ لیڤەرپوولی گەڕاندەوە سەر ستەیجی بردنەوەی نازناوەکان و دوای چەندین ساڵ، جامەکانی چامپیۆنزلیگ، پرێمەرلیگ، جامی جیهانی یانەکان، جامی FA و جامی کاراباوی بردەوە. بەدەستهێنانی ئەم هەموو نازناوە خەونی راهێنەرانە.
کڵۆپ بەر لە چوونی بۆ لیڤەرپوول، ناوێکی گەورەی بۆ خۆی لەگەڵ بۆڕووسیا دۆرتموند دروستکردبوو. لەگەڵ دۆرتموند دووجار نازناوی بۆندسلیگای بردەوە و زەردەواڵەکانی گەیاندە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بە بایرن میونشن دۆڕا.
گەڕاندنەوەی سەرکەوتنەکان
سەرەڕای سەرکەوتنەکانی لە ئەڵمانیا، کەچی متمانەیەکی ئەوتۆ بە کڵۆپ نەبوو، تاوەکو لیڤەرپوول زیندوو بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە نێو رکابەرییەکان.
کڵۆپ بووە شوێنگرەوەی برێندان رۆجەرز، ئەوکاتە لیڤەرپوول لە پلەی دەیەمی پرێمەرلیگ بوو، ماوەی 25 ساڵبوو نازناوی پرێمەرلیگی بەدەست نەهێنابوو. کڵۆپ هەرزوو پڕۆژەکەی دەستپێکرد و بناخەیەکی تۆکمەی بۆ یانەکەی مێرسیساید دروستکرد.
چەند ئەستێرەیەکی وەک فیلیپێ کۆوتینیۆ، لویس سوارێز و دانیێل ستوریج کۆکردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ و دواتر زنجیرەی سەرکەوتن و درەوشانەوە دەستپێکرد.
خۆشەویستی بێوێنە
بەرلەوەی سەرکەوتنەکان دەستپێبکەن، لیڤەرپوول سێجار لە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، یۆرۆپالیگ و چامپیۆنزلیگی لەدەستدا.
لە وەرزی 2018-19 لیڤەرپوول زۆرترین خاڵی لە مێژووی خۆی لە پرێمەرلیگ (97 خاڵ) کۆکردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، مانچێستەر سیتی بە جیاوازی یەک خاڵ نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە. بەڵام ئەمە زەنگی مەترسیداری لیڤەرپوول بوو بۆ یانەکان.
دواتر سەرکەوتنەکان دەستیانپێکرد، لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە تۆتنهامی بردەوە و بۆ جاری شەشەم بووە پاڵەوانی ئەوروپا. بەر لەوەی بگاتە یاری کۆتایی، لیڤەرپوول یارییەکی مێژوویی لە بارسێلۆنا بردەوە و یەکێکە لە دیارترین یادەوەرییەکانی سەردەمی کڵۆپ.
دوای پێنج ساڵ لە دەستبەکاربوونی کڵۆپ، لیڤەرپوول نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە، بەڵام پەتای کۆرۆنا خۆشییەکانی لەباربردبوو، چونکە یاریزانانی رێدز بە تەنیا لە ئانفیڵد ئاهەنگی بەرزکردنەوەی نازناوەکەیان گێڕا.
شۆڕشی بردنەوەی نازناوەکانی لیڤەرپوول بەردەوامبوو، لە ساڵی 2022 جامی FAی بردەوە و جارێکی دیکە بە جیاوازی یەک خاڵ، نازناوی پرێمەرلیگی لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی لەدەستدا و یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر ریال مەدرید لەدەستدا. بەڵام ئەمە هەمووی لە گەورەیی شۆڕشەکەی کڵۆپ کەمناکاتەوە، چونکە کەسایەتی بەهێزی رێدزی گەڕاندەوە.
وەرزی 2022-23 وەرزێکی قورسی لیڤەرپوول بوو، بەڵام کڵۆپ بە بەشداریپێکردنی چەندین یاریزانی لاو، توانی بۆشاییەکی زۆر دروستبکات و بووە پردێ بۆ پەڕینەوەی یاریزانانی لاو بۆ پێکهاتەی سەرەکی.
هەرچەندە لیڤەرپوول دەرفەتی زۆری بۆ بردنەوەی نازناوی زیاتر هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم وەرزەی تەنیا بە بردنەوەی نازناوی جامی کاراباو کۆتایی پێهێنا.