یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی تۆنی کروس و لوکا مۆدریچ بۆ وەرزێکی دیکە نوێبکاتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید گەیشتووەتە بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی مۆدریچ و کروس، چونکە گرێبەستی هەردوو یاریزانەکە لە کۆتایی مانگی داهاتوو بەسەردەچێت. هەرچەندە باس لە جیابوونەوەی دوو سیمبوولەکە لە مەدرید دەکرا، بەڵام ئێستا زۆربەی راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی ئاماژە بە مانەوەیان بۆ وەرزێکی دیکەش دەکەن.
دوای سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدرید لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و نزیکبوونەوەی لە نازناوی چامپیۆنزلیگ، کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت پارێزگاری لە هەردوو یاریزانەکە بکات.
مۆدریچی تەمەن 39 ساڵان بەربژێری سەرەکی جێهێشتنی ریال مەدریدە و ریال زیاتر چاوی لە هێشتنەوەی کروسە، بەڵام تۆڕە ئەمریکییەکە باسی لە مانەوەی هەردووکیان دەکات.
ئانچێلۆتی نەک تەنیا لەبەر هۆکاری وەرزشی داوای مانەوەیان دەکات، بەڵکو بەهۆی تێگەیشتنی تەواوی ئەستێرە ئەڵمانی و کڕواتییەکە لە کولتوور و شێوازی ریال مەدرید، دەیەوێت بیانهێڵێتەوە.
ریال مەدرید لە 1ی یۆنیۆ/حوزەیران لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە وێمبڵی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند یاری دەکات.