میکێل ئارتێتا هەفتەیەکی هەستیار و پڕ فشار بەڕێ دەکات بەڵام لە گەرمەی رکابەریی لەسەر ناسناوی پریمەرلیگدا، لەلایەن خێزانی شاهانەی ئیسپانیاوە خەڵاتکرا.
ئارتێتا لەلایەن بنەماڵەی شاهانەی ئیسپانیاوە مەدالیای کاسۆلیکی حوکمی ئیسابێلای پێدرا بۆ خزمەتەکانی لە دەرەوەی ئیسپانیا کە بووەتە هۆی ناوبانگێکی باش بۆ وڵاتەکەی.
ئارتێتا ی 42 ساڵ لە 2005دا وەک یاریزان، وڵاتەکەی جێهێشت کاتێک لە ریاڵ سۆسیدادەوە گوێزرایەوە بۆ ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی. لەوکاتەوە لە ئینگلتەرا ماوەتەوە و سەرەتا وەک یاریزان، پاشانیش وەک راهێنەر توانیوییەتی کەسایەتی خۆی بپارێزێت و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت وەکو ئیسپانییەک.
پاش وەرگرتنی مەدالیاکە، ئارتێتا بۆ بی بی سی وتی
ئەمە شەرەفێکی زۆر گەورەیە، کاتێک پێیان راگەیاندم، نەمدەزانی هۆکارەکەی چییە بەڵام بووە جێگەی شانازی خێزانەکەم و ساتێکی گەورەیە بۆ هەموومان کە بەو جۆرە بناسرێین. بەردەوام دەبم لە خزمەتکردن و نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەم بەشێوەیەکی جوان. 24 ساڵە دوورم لە وڵاتەکەم بەڵام ئێستا هەست دەکەم بێ هوودە نەبووە.