ڤاران کۆتایی ئەم وەرزە مانچێستەر یونایتد بەجێدەهێڵێت
یاریگا –
رافایل ڤاران بەفەرمی کۆتایی ئەم وەرزە بە گرێبەستێکی ئازاد ریزەکانی مانچێستەر یونایتد بەجێدەهێڵێت.
رافایل ڤاران بەرگریکاری فڕەنسی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردووەتەوە، رۆیشتنی لە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد راگەیاندووە و ئاسکرایکردووە، کۆتایی ئەم وەرزە ریزەکانی شەیتانە سوورەکان بەجێدەهێڵێت و ماڵئاوایی لە یانە ئینگلیزییەکە دەکات.
ڤاران لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت :’چەند ساڵێکی زۆر سەرنجڕاکێشم لەم یانە تایبەتە و پۆشینی ئەم درێسە بەسەربرد، یەکەمجار کە وەک یاریزانی مانچێستەر یونایتد چوومە ئۆڵدترافۆرد، شتێکی زۆر باوەڕپێنەکراو بوو، کەشەکە زۆر سەرنجڕاکێش بوو’.
هەروەها دەشڵێت :’کەوتمە داوی خۆشەویستی ئەم یانەیە و هاندەرانی دەبێ یاری بۆ مان یونایتد بکەی تاوەکو لە نوێنەرایەتیکردنی تێبگەیت، ئێرە بۆ منداڵەکانم وەک ماڵی یەکەم بوو، ئێرە وەک شوێنێکی تایبەت لە ژیانی مندا دەمێنێتەوە’.’
سەرەڕای ئەو راستیەی وەرزێکی قورسمان بەڕێکرد، بەڵام زۆر گەشبینم بۆ داهاتوو، خاوەنانی نوێی یانەکە بە پلانێکی روون و ستراتیژییەکی گەورە هاتوون، لە دوا یاری ئەم وەرزەمان بۆ ماڵئاوایی لە ئۆڵدترافۆرد دەتانبینم، بەدڵنیاییەوە رۆژێکی پڕهەست دەبێت بۆ من.
ڤاران (31 ساڵان) کە هاوینی 2021 بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان نرخی 25 ملیۆن یۆرۆیە و دەنگۆ هەیە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بچێتە یانەیەکی سعوودی.
بەرگریکارەکەی پێشووی یانەکانی ریال مەدرید و لانس لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەشداریی 93 یاریی کردووە و دوو گۆڵی بە درێسی شەیتانە سوورەکان کردووە.