کوردستانگرنگترین

ئەندامێک دەستی لەکارکێشایەوە؛ دەستەی کاتی یانەی هەولێر چۆن دەبێت و تاوەکو کەی یانەکە بەڕێوە دەبات؟

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر هەڵوەشایەوە، دەستەیەکی کاتی کە لە نۆ ئەندام پێکدێن بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە رادەسپێردرێن تاوەکو یانەکە بەڕێوە ببەن.

بەگوێرەی ئەو نووسراوەی کۆپییەکی دەستی تۆڕی وەرزشی یاریگا کەوتووە، دەستەیەکی کاتی بە سەرۆکایەتی موئەیەد مەغدید بۆ ماوەی سێ مانگ یانەی هەولێر بەڕێوە دەبەن، کە ئەو دەستە کاتییە لە هەریەکە لە جەلال پەرێشان، رێبوار جەباری، شاخەوان عارف، سیروان تەها، نزار سلێوە، سروود غازی و جێماو کاڕەش پێک دێت.

نەوزاد سابیر کە ئەویش وەکو یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کاتییەکە راسپێردرابوو، لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’لەبەر ئەوەی بەرپرسیارەتی دیکەم هەیە و مامۆستای زانکۆم، ناتوانم لە دەستەی کاتی یانەی هەولێر دەستبەکاربم و سوپاسیان دەکەم کە بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە دەستنیشانیان کردبووم’.

لەو نووسراوەی بۆ دەستنیشانکردنی دەستەی کاتی یانەی هەولێر کراوە، تەمەنی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە بە شێوەیەکی کاتی یانەکە بەڕێوە دەبەن، واتە تاوەکو هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکە دەکرێت دەستەی کاتی یانەکە بەڕێوە دەبات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، دەستەی کاتی بۆ ماوەی سێ مانگ یانەکە بەڕێوە دەبەن، تاوەکو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بۆ دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکرێت و دەستەیەکی کارگێڕی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە (13ـی ئایار/مایۆی 2024) چوار ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دەستیان لەکارکێشایەوە ئەو دەستە کارگێڕییەی لە نۆڤێمبەری 2021 دەستبەکاربوون، هەڵوەشایەوە و بەهۆی ئەوەی تەنیا سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕی مانەوە، دەستەکە لە رووی یاساییەوە کۆتایی پێهات.

نووسراوی دەستنیشانکردنی دەستەی کاتی یانەی هەولێر
نووسراوی دەستنیشانکردنی دەستەی کاتی یانەی هەولێر

دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر مانگی نۆڤێمبەری 2021 دەستبەکاربوون و بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە یانەکە کار دەکەن، کە سەرەتا لە هەشت ئەندامی دەستەی کارگێڕی پێکهاتبوون، وەلید عارەب وەکو سەرۆک و سەڵاحەدین سیامەند و محەمەد خۆشناو وەکو جێگرانی سەرۆک و تەها قادر وەکو سکرتێری یانەکە دەستبەکاربوون.

تیپی تۆپی پێی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیکەی چوار مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و یانەکە ئێستا بەبێ راهێنەر ماوەتەوە و لە پلەی چواردەمی خولەکە تەنیا خاوەنی 28 خاڵە.

بابەتی زیاتر

Back to top button