یاریگا –
رەنگە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، هاندەرانی ریال مەدرید گوێبیستی کۆتاییهاتنی سەردەمێکی زێڕین بن.
زۆربەی میدیاکانی ئیسپانیا باس لە کۆتاییهاتنی سەردەمی لوکا مۆدریچ و تۆنی کروس لە ریال مەدرید دەکەن، چونکە گرێبەستی هەردووکییان خەریکە بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ نوێکردنەوەیان نییە.
تۆڕی کادێنا سێر بڵاویکردووەتەوە، ئەگەرەکانی چوونە دەرەوەی کروس و مۆدریچ لەم هاوینەدا زیاترە لە مانەوەیان، هەرچەندە چوونە دەرەوەی هەردوو یاریزانەکە، رەنگە کاریگەرییەکی نەرێنی سنووردار لە ژووری جلگۆڕین دروست بکات.
ریال مەدرید نەوەیەکی نوێی لە هێڵی ناوەڕاست بۆ شوێنگرتنەوەی کروس و مۆدریچ ئامادەکردووە. هەریەکە لە ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئۆرێلیەن چوامینی و جود بێڵینگهام سەرکردایەتی هێڵی ناوەڕاست دەکەن.
پێناچێت تاوەکو دوای یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند، ئەستێرە کڕواتی و ئەڵمانییەکە بڕیاری خۆیان ئاشکرا بکەن.