چێڵسی نزیکە لە گواستنەوەی مێسینیۆ
لە دوای ئێندریک، ئێستا نۆرەی مێسینیۆییە
یاریگا –
چێڵسی ئامادەکاریییە بۆ پێشکەشکردنی ئۆفەرێکی 65 ملیۆن یۆرۆیی بۆ ئەستێرەی داهاتووی بەرازیل.
ویلیان ئێستێڤاو ناسراو بە مێسینیۆ، یاریزانی پالمێراسی بەرازیلییەکە و ئێستا بووەتە ئامانجی چەندین یانەی پرێمەرلیگ. بەڵام چێڵسی لە یانەکانی دیکە جددیترە و دەیەوێت بەر لە کرانەوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی لەگەڵدا یەکلاییبکاتەوە.
پێگەی گۆڵ بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی ئامادەیە مێسینیۆ بکاتە گرانبەهاترین گواستنەوەی مێژووی تۆپی پێی بەرازیل و بەهاکەی لە بەهای گواستنەوەی ئێندریک بۆ ریال مەدرید زیاتر دەبێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا، چێڵسی شێوازێکی نوێی پەیڕەو کردووە و ساڵانە چەندین یاریزانی ئەمریکای باشوور دەگوازێتەوە تیمە جیاوازەکان.
بە گواستنەوەی مێسینیۆ، سەردەمی رەحیم ستێرلینگ بەسەردەچێت و رەنگە لە مێرکاتۆی هاوینەدا، لە پێکهاتەکەی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ نەمێنێت.
هەرچەندە میدیاکانی بەرازیل بڵاوییانکردووەتەوە، مێسینیۆ تاوەکو هاوینی ساڵی داهاتووش لە پالمێراس دەمێنێتەوە و تاوەکو تەمەنی نەبێتە 18 ناتوانێت پەیوەندی بە چێڵسییەوە بکات.