یاریگا –
ئارسێناڵ و مانچێستەر سیتی تاوەکو دوایین گەڕ کێبڕکێ لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دەکەن، گەرچی گەنەرز بە کۆکردنەوەی 86 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە، بەڵام سیتیزنس یارییەکی دواخراوی ماوە و چارەنووسی خۆی لە دەستی خۆیدایە.
ئارسێناڵ بە کۆکردنەوەی 86 خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگی گرتووە و یارییەکی بەرامبەر ئێڤەرتن ماوە، کە رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 18:00 بەیەک دەگەن، یانە لەندەنییەکە 89 گۆڵی کردووە و 28 گۆڵی لێکراوە، مانچێستەر سیتیش دوو یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس و وێستهام یونایتد ماوە، سبەی سێشەممە دەبێتە میوانی تۆتێنهام و رۆژی یەکشەممە لە دوایین گەڕ میوانداریی وێستهام دەکات، مان سیتی 91 گۆڵی کردووە و 33 گۆڵی لێکراوە.
ئەگەر خاڵەکانیان وەکو یەک بێت کامیان دەبێتە پاڵەوان؟
بەگوێرەی یاساکانی پرێمەرلیگ ئەگەر دوو یانە ژمارەی خاڵەکانیان وەکو یەک بێت، ئەوا لەجیاتی ئەوەی بەراوردی ئەنجامی نێوانیان بکرێت، جیاوازیی گۆڵەکانیان بەراورد دەکرێت، واتە چەند گۆڵیان کردووە لەگەڵ ئەو گۆڵانەی لێیان کراوە لێدەردەکرێت، ئێستا ئارسێناڵ جیاوازیی گۆڵەکانی 61 گۆڵە و مان سیتیش جیاوازیی گۆڵەکانی 58 گۆڵە، واتە ئەگەر هەردوولا ژمارەی خاڵەکانیان یەکسان بێت، گەنەرز بە جیاوازیی سێ گۆڵ دەبێتە پاڵەوان.
سیناریۆکانی پاڵەوانبوونی ئارسێناڵ و مانچێستەر سیتی لەم وەرزەی پرێمەرلیگ
- مانچێستەر سیتی دەبێتە پاڵەوان ئەگەر هەردوو یارییەکەی لە تۆتێنهام و وێستهام بباتەوە، ئەوکات سیتی دەبێتە خاوەنی 91 خاڵ و بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکەی ئارسێناڵ نازناوەکە دەباتەوە.
- مانچێستەر سیتی دەبێتە پاڵەوان ئەگەر لەو دوو یارییە چوار خاڵ بەدەست بهێنێت، بە مەرجێک لەو یارییەی دەباتەوە زۆرترین گۆڵ بکات و بە جیاوازیی گۆڵ بەپێش گەنەرز بکەوێتەوە، چونکە ئەوکات ژمارەی خاڵەکانیان یەکسان دەبێتەوە.
- مانچێستەر سیتی دەبێتە پاڵەوان ئەگەر لەو دوو یارییە یەکسان بێت، بەڵام بەو مەرجەی ئارسێناڵ بەرامبەر ئێڤەرتن بدۆڕێت.
- ئارسێناڵ دەبێتە پاڵەوان ئەگەر لە ئێڤەرتن بباتەوە و مان سیتیش لەو دوو یارییە ماویەتی لە یەکێکیان یەکسان بێت، بەڵام بەو مەرجەی ئارسێناڵ پارێزگاریی لە جیاوازیی گۆڵەکانی لەگەڵ مان سیتی بکات.
- ئارسێناڵ دەبێتە پاڵەوان ئەگەر مان سیتی لەو دوو یارییەی ماویەتی لە هەردووکیان بدۆڕێت یان لە یەکێکیان یەکسان بێت و لەوەی دیکەش بدۆڕێت، ئەوکات ئارسێناڵ ئەنجامی یارییەکەی بەرامبەر ئێڤەرتن هەرچۆنێک بێت نازناوەکە دەباتەوە.
مانچێستەر سیتی نۆ جار بووەتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و لە دوایین سێ وەرزدا کوڕانی گواردیۆلا نازناوی خولەکەیان بردووەتەوە و دەیانەوێت بۆ جاری چوارەم لەسەر یەک ببنە پاڵەوانی خولەکە، بەڵام ئارسێناڵ لەوەتەی ساڵی 2004 نازناوی خولەکەی نەبردووەتەوە لەکاتێکدا 13 جار نازناوی خولەکەیان بردووەتەوە، گەنەرز دەیەوێت دوای 20 ساڵ بە نازناوی خولەکە شاد بێتەوە.