ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتفه‌ره‌نساگرنگترین

هەموو شتێک لەبارەی گواستنەوەی ئێمباپێی ‘بێ رکابەر’ و ئەفسانەی داهاتووی تۆپی پێی بزانە

تەواوی کاروانی وەرزشی کیلیان لەژێر مایکرۆسکۆبی یاریگا

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

  • لە سەردەمی منداڵیدا، ئێمباپێ خەونی بە چی دەبینی؟ ئایا قوتابییەکی لاسار بووە؟
  • لە ساڵی 2017 کێ گواستنەوەی ئێمباپێی بۆ ریال مەدرید پەکخست؟
  • زیدان چ ڕۆڵێکی لە رێخۆشکردن بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ گێڕاوە؟
  • فایزە عەماری چی بە نوێنەرێکی چێڵسی گوتووە؟

وێنەیەکی بەناوبانگی کیلیان ئێمباپێ لە تەمەنی 14 ساڵیدا هەیە، کە لە ماڵەوە لە ناوچەی بۆندی، پاریس دانیشتووە و وێنەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە دیواری ژوورەکەی هەڵواسیوە.

کاتێک باسی سەرهەڵدانی یاریزانێکی نائاسایی دەکەین، دەبێ بچینە سەرەتاکانی ژیانی یاریزانەکە و چۆن لە وەرزش گەیشتووە و تێکەڵی بووە. ئەوکاتە کەس بڕوای نەدەکرد، ئێمباپێ دەبێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوە و بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان دەکات، لە تەمەنی 18 ساڵیشدا جامی جیهانی دەباتەوە و لە تەمەنی 23 ساڵیدا هاتریک لە یاری کۆتایی مۆندیال دەکات، جیا لەمەش لە تەمەنی 24 ساڵیدا ببێتە گۆڵکاری مێژوویی پاریس سانجێرمان، ئێستاش لە تەمەنی 25 ساڵیدا چوونە دەرەوەی لە یانە پاریسییەکە راگەیاند و بەڕێژەیەکی زۆر، پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.

لە تەمەنی لاویدا، فایزە عەماری، دایکیی کیلیان، یاریگایەکی بچووککراوی سانتیاگۆ بێرنابیۆی بۆ کوڕەکەی هێنا، ئەوکاتە کیلیان پێی گوتبوون؛ ”نامەوێت، رۆژێک دەتانبەمە ئەوێ”.

کاتێک قوتابی ئەکادیمیای لاوانی مۆناکۆ بوو، جارێکیان مامۆستا داوای دیزاینکردنی رووپەلی گۆڤارێکی وەک ئەرکی ماڵەوە لێکردبوون. هەمووان دەیانویست وێنەی خۆیان لەسەر رووپەلی گۆڤارەکە دابنێن، بەڵام کیلیان بەهۆی گوێڕایەلی و زیرەکی، خۆی سەپاند و بەردەوام وا بیری دەکردەوە، کە ”کیلیان مایسترۆییە؛ باشترین یاریزانی لاوی جیهانە”.

جیهان پڕە لە یاریزانی لاو و خاوەن خەونی گەورە، بەشێکیان بەهرەی گەورەیان هەیە و پێویستییان بە پاڵپشیی و بڕوابەخۆبوونە. کیلیان نموونەی یاریزانی سەرکەوتووە، چونکە لە تەمەنێکی بچووکدا، تێگەیشتنێکی گەورەی بۆ تۆپی پێ و وەرزش هەیە.

لێرە شتێک بەبیر هەوادارانی کیلیان دەهێنمەوە، لە ژووری جلگۆڕین یاریگای لوسەیل، دەوحە. دیدیێ دیشان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا خەریکی رێکخستنەوەی یارییەکە بوو، چونکە هەڵبژاردەکەی بە ئەنجامی 2-0 لە دواوە بوو. دیشان زۆر تووڕە بوو و بە یاریزانانی گوت؛ ”ئێوە لە یارییەکەدا نین، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە، ئەوان یاری کۆتایی دەکەن و ئێوەش هەر لێرە نین”.

زۆربەی یاریزانان بێدەنگ بوون، بەڵام لەپڕ کیلیان هەڵسایە سەرپێ و هاواری کرد

ئەمە یاری کۆتایی جامی جیهانییە و یاری ژیانی ئێمەیە، نابێ لە گێمی یەکەم خراپتر یاری بکەین، دەگەڕێینەوە سەر چیمەنی یاریگا، یان دەبێ رێگەیان بدەین بە ئارەزووی خۆیان یاری بکەن، یاخود دەبێ لێیان قورس بکەین. یاری کۆتاییە و دوو گۆڵ لە دواوەین، دەتوانین بگەڕێینەوە کەشی یارییەکە، هاوڕێیان، ئەمە چوار ساڵ جارێک روودەدات.

ئەوکاتە تەمەنی ئێمباپێ تەنیا 23 ساڵ بوو، دووەم بچووکترین یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، یاریزانانی لاو جیاوازی گەورەیان لەگەڵ تیمەکانیان دروستکردووە، بۆ نموونە بوکایۆ ساکا لەگەڵ ئارسیناڵ، جود بێڵینگهام لەگەڵ ریال مەدرید و جەمال موسیالا لەگەڵ بایرن میونشن.

ئەوەی دواتر لە دەوحە روویدا زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ئێمباپێ هاتریکی لە یارییەکەدا کرد و زۆر نزیکبوو لە نووسینەوەی مێژووێکی گەورە بۆ خۆی و هەڵبژاردەکەی، بەڵام بە لێدانی یەکلاییکەرەوە، یارییەکەیان دۆڕاند و ئەرجەنتین بووە پاڵەوانی جیهان.

شەش مانگ دوای مۆندیال، لیۆنێل مێسی تۆپی پێی ئەوروپای جێهێشت و پەیوەندی بە ئینتەر مەیامییەوە کرد و پێشتریش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پەیوەندی بە نەسڕی سعودییەوە کردبوو، ئەمەش ئاماژەی روونبوون، تاوەکو سەکۆکە بۆ ئێمباپێ چۆڵ بکرێت و پێگەی باشترینی جیهان داگیر بکات.

کیلیان لە یەنایەر/کانوونی دووەمی رابردوودا، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری GQ گووتی

چەندین یاریزانی گەورە کە مێژووی تۆپی پێیان نووسیوەتەوە، لە هاوینی رابردوو ئەوروپایان جێهێشت و ئێستاش سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات.

 

ئێمباپێ لە 306 یاریدا 255 گۆڵی لەگەڵ پاریس کردووە، شەش نازناوی لیگ وەن (خولی فەرەنسا)ی بردووەتەوە، بەڵام خەونی گەورەی بردنەوەی چامپیۆنزلیگە و تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بەدەستیبهێنێت، بەڵام لەگەڵ ریال مەدرید، زۆر لەو خەونەی نزیکدەبێتەوە.

لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی 2012، شەوێک بەر لە بوونی بە 14 ساڵ، بانگهێشتنامەیەک ئاراستەی ئێمباپێ کرا، تاوەکو وەک تاقیکاری (تێست) سەردانی ریال مەدرید بکات.

ئێمباپێ ئەوکاتە بەشداری لە کۆرسی تایبەتی سەنتەری مەشقەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بۆ یاریزانانی لاوی دەرکەوتوو کردبوو و سەرنجی چەند یانەیەکی فەرەنساشی راکێشابوو، جیا لە یانەکانی فەرەنسا، چێڵسی نوێنەرێکی خۆی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دایکی ئێمباپێ ناردبوو، ئەوکاتە فایزە بە نوێنەری یانە لەندەنییەکەی گوتبوو

جارێکی دیکە کۆنابینەوە، ئەگەر دەتانەوێت ئێستا گرێبەستی لەگەڵدا بکەن، دوای پێنج ساڵی دیکە، دەگەڕێنەوە ئێرە و ئەوکات نرخەکەی دەبێتە 50 ملیۆن پاوەند.

با بگەڕێینەوە گەشتەکەی کیلیان بۆ مەدرید. ئەستێرە لاوەکە لەگەڵ دایک و باوکی گەیشتنە مەدرید و زینەدین زیدان، ئەفسانەی فەرەنسا و ستافێکی دەستەی هونەری ریال مەدرید لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکردن. زیدان بە ئۆتۆمبێلێکی قەشەنگ چووبووە پێشوازییان و داوای لە کیلیان کرد سەربکەوێت، ئەوکاتە ئێمباپێ سەری لە جوانی ئۆتۆمبێل و دیزاینی ناوەوەی سووڕمابوو، بە زیدانی گوت، ئایا دەبێ پێڵاوەکەی لەپێ بکاتەوە یان ئاساییە بە پێڵاوەوە بچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکە، زیدان بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و پێی گوت ئاساییە.

زیدان ماڵباتی کیلیانی بردە سەنتەری مەشقەکان و لەوێ چاوی بە رۆناڵدۆ کەوت، وێنەیەکییان چرکاند و ئەوکاتە، ئێمباپێ زۆر شەرمنانە دەردەکەوێت، چونکە چاوی بە پاڵەوانی ژیانی کەوتووە. کیلیان لە رۆمانی ژیاننامەی گرافیکی –کۆمیک– ”ناوم کیلیانە – Je M’Appelle Kylian Mbappe” کە لە ساڵی 2021 بڵاوکرایەوە نووسیویەتی؛ زیدان وێنەکەی چرکاندووە.

پەرتووکی من کیلیانم

ئێمباپێ سەردانەکەی بۆ مەدرید بە خۆشترین کۆتایی هەفتەی ژیانی وەسف دەکات، بیرۆکەی یاریکردنی بۆ ریال مەدرید، زیاتر لە مێشک چەسپا، بەڵام ماڵباتەکەی دەیانوسیت یانەیەک لە فەرەنسا بۆ دەستپێکی کاروانی وەرزشی کیلیان بدۆزنەوە.

پاریس سانجێرمان زۆر گرنگی بە کیلیان دابوو، بەڵام دوو یانەی بچووک؛ کان و لانس گرنگی زیاتریان بە ئێمباپێ پیشاندا و کان یەکەم ئۆفەری فەرمی پێشکەشی باوکی کرد. وەڵامی باوکی ئێمباپێ بۆ ئۆفەرەکەی کان بریتیبوو؛ ئێوە دەتوانێت قرشێک بە داوی ماسی بچووک راو بکەن؟ یانەی کان ئۆفەرەکەی بەرزکردەوە و نزیکبوون لە رێککەوتن، بەڵام دەستەی کارگێڕی یانەکە رەتیکردەوە گرێبەستەکە پەسند بکات.

لە کۆتاییدا مۆناکۆ هاتەسەرهێڵ و لە هاوینی 2013 ئەوکاتەی دیمتری ریبۆلۆڤلێڤ، خاوەنکاری گەورەی رووسی خاوەنی یانەکە بوو، پارەی کاشی فرۆشتنی جواو مۆتینیۆ، جەیمس رۆدریگێز و رادامێل فالکاوی لەبەردەستدا بوو، گرێبەستی لەگەڵ کیلیانی تەمەن 14 ساڵان واژۆ کرد.

لە هەڵسەنگاندنی سەرەتای مۆناکۆدا نووسراوە؛ کیلیان یاریزانێکی بەهرەمەندە، بەڵام ئەستەمە بتوانێت پەیڕەوی پڕۆگرامێکی پەروەردەیەکی ئاسایی بێت، تەنانەت بۆیان یەکلایینەبووەوە ئایا کیلیان چەپلەرە یاخود بە دەستی راستە دەنووسێت. بەڵام ئەوەی یەکلاییبووەوە، ئێمباپێ لاوێکی پڕ وزەیە و دەتوانێت کاری گەورە بکات.

کیلیان لە ساڵی 2022 گوتارێکی لە گۆڤاری (پلەیەرس تریبیون – Players Tribune) نووسی و هەندێ نهێنی ئاشکرا کرد. کیلیان لە گوتارەکەیدا نووسیویەتی؛ قوتابییەکی ئاسایی نەبووم، رۆژێکیان بەڕێوەبەری ئەکادیمیا 9 هۆشداری پێدام، چونکە گوێڕایەڵ نەبووم.

چەند جارێک بە هۆی هەڵسوکەوتی ئێمباپێ، دایکی بانگی ئەکادیمیاکە دەکرا و گلەیی پێدەگەیێندرا، ئەمەش فایزەی زۆر تووڕە دەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرگری لە کوڕەکەی دەکرد و پێی دەگوتن، کیلیان کەسێکی تایبەتە.

فایزە هەوڵیدەدا چالاکی جیاواز بە کیلیان بکات، بۆ نموونە دەیبردە کۆرسی مەلەوانی و سەردانی موزەخانەی لۆڤەرییان دەکرد، سەرەڕای سەرەڕۆییەکانی لە قوتابخانە، کیلیان بە تەواوی فێری زمانەکانی ئینگلیزی و ئیسپانی بوو، بەهۆی تۆپی پێ فێری زمانەکان بوو، چونکە دەیزانی لە داهاتوودا، زمان رێخۆشکەر دەبێت، تاوەکو ببێتە یاریزانێکی سەرکەوتوو.

راهێنەرانی ئەوکاتە ئێمباپێیان بە ئیسفەنج وەسف دەکرد، چونکە هەموو زانیارییەکی وەردەگرت و تێگەیشتنێکی زۆر باشی لە کۆرسەکانی هونەری هەبوو. بەڵام لە مۆناکۆ و سەنتەری مەشقی کلەیرفۆنتەین، ئێمباپێ قوتابییەکی گوێڕایەڵ نەبوو و بەردەوام جیاواز بوو.

گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئێمباپێ، کەسێک بوو بە ناوی بڕونۆ ئایرلێس، راهێنەری تیمی ژێر 17 ساڵانی مۆناکۆ. بڕونۆ پێی وابوو ئێمباپێ لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆیە تەواوی ئامانجی ئێمباپێ ئەوەبوو، بە بڕونۆ بڵێت تۆ هەڵەی. بۆیە پەیوەندی نێوان کیلیان و راهێنەر جێگیر نەبوو، ئەوکاتە فایزە داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشی ئەوکاتەی مۆناکۆ کرد و پێی گوت؛ رێزێکی ئەوتۆ لە بەهرەکانی کیلیان ناگیرێت، ئەگەر قسە لەگەڵ راهێنەرەکە نەکرێت، ئەوا ناچار دەبن بە دوای یانەیەکی دیکەدا بگەڕێن.

لە تەمەنی 16 ساڵیدا، کیلیان بانگهێشتی تیمی دووەمی مۆناکۆ کرا، هەرزوو خۆی سەلماند و بووە یاریزانی تیمی یەکەم. لە دیسێمبەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2015 و لە تەمەنی 16 ساڵ و 347 رۆژیدا، یەکەم یاری فەرمی خۆی کرد و ریکۆردی تێری هێنری، وەک بچووکترین یاریزانی لاو لە مێژووی مۆناکۆ شکاند.

لەگەڵ دەستپێکی کاروانەکەی لەگەڵ مۆناکۆ، سەرنجی ئاڕسن ڤینگەر، راهێنەری ئەوکاتەی ئارسیناڵی راکێشا و گوتی؛ ”کە یەکەمجار کیلیانم بینی، گوتم ئەمە پێلێییە”.

جیاوازی کیلیان لەگەڵ رۆناڵدۆ و مێسی زۆر روونبوو، چونکە کیلیان لە تەمەنی 17 ساڵییەوە بە تەواوی لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ئامادەبوو، کەچی مێسی و رۆناڵدۆ پێویستیان بە کاتی زیاتربوو، تاوەکو خۆیان بسەلمێنن.

لە هاوینی ساڵی 2016 هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری کۆتایی یۆرۆی بە هەڵبژاردەی پۆرتوگال دۆڕاند، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسای ژێر 19 ساڵان بووە پاڵەوانی ئەوروپا و پێنج گۆڵی لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد. ئەمەش پەیامێکی توندی کیلیان بوو بۆ سەرانی تۆپی پێی وڵاتەکەی.

هەر لە دەستپێکی یەکەم وەرزی کیلیان لەگەڵ مۆناکۆ، کاردانەوەی راستەوخۆی لە شەقامی وەرزشی فەرەنسا دروستکرد و هەر زوو بە شوێنگرەوەی هێنری داندرا. لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگدا، کیلیان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و گۆڵێکی کرد. ئەمەش دەستپێکی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی کیلیان بوو.

پێپ گواردیۆلا لەبارەی کیلیانەوە ئەوکات گوتی ”ئێمباپێ، بەڕاستی زۆر خێرایە”.

لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، کیلیان لە کۆی هەردوو یاری چوون و گەڕانەوەدا سێ گۆڵی لە بۆڕووسیا دۆرتموند کرد و لە کۆتایی وەرزدا 26 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا لەگەڵ مۆناکۆ کرد. ئەمەش رێخۆشکەربوو تاوەکو بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنسا بکرێت و ببێتە بچووکترین یاریزان لە مێژووی کەڵەشێرەکاندا.

لە ماوەی تەنیا 12 مانگدا کیلیان بووە ئەو یاریزانەی هەموو یانەکان داوای دەکەن. بارسێلۆنا زۆر هەوڵیدا، بە تایبەت کاتێک نێیمار دا سیلڤا پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، یانەکانی ئارسیناڵ و لیڤەرپوول بەجددی داواییان کرد، تەنانەت ڤینگەر لەگەڵی کۆبووەوە و هەوڵیدا رازی بکات پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە بکات. هەردوو یانەکەی مانچێستەر گرنگییان بە کیلیان پیشاندا، بەڵام ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان جددیترین دوو یانەبوون کە گرنگیان بە تواناکانی ئەستێرە لاوەکە دابوو.

کیلیان خەونی بە مەدرید دەبینی، بۆیە ریال مەدرید زۆر نزیکبوو لە گواستنەوەی، بۆیە ئۆفەرێکی فەرمییان بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ + 30 ملیۆن یۆرۆی دیکە پەیوەست بە دەستکەوتەکان پێشکەشی مۆناکۆ کرد و پەسند کرا. بەڵام ماڵباتی کیلیان ئۆفەرەکەیان رەتکردەوە.

ویلفرێد، باوکی ئێمباپێ بە ئۆفەرەکە رازی نەبوو، چونکە داوای گەرەنتی بەشداریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەکرد، بەڵام ئەوکاتە ئەستەمبوو، چونکە کەریم بێنزێما، گارێس بەیڵ، رۆناڵدۆ، مارکۆ ئاسێنسیۆ و لوکاس ڤازکێز لە هێڵی پێشەوەی مەدرید بوون، ئاسان نەبوو ببێتە سەرەکی، جیا لەمەش ئێمباپێ دەبووە یەکێک لە خاوەن بەرزترین مووچەکانی یانە ئیسپانییەکە.

ریال مەدرید ئەوکاتە لە کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی ئامادەکاری وەرزی نوێ بوون، بۆیە ویلفرێد (باوکی ئێمباپێ) گەشتی ئەمریکای کرد و لەگەڵ نوێنەرانی یانەکە کۆبووەوە. ویلفرێد پەیامێکی روونی بە نوێنەرانی مەدریددا

پاریس سانجێرمان ئۆفەرێکی باشترییان پێشکەش کردووە، تەنانەت گەرەنتی یاریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکیش دراوە.

قسەکانی باوکی ئێمباپێ، نیگەرانییەکی زۆری لە دەستەی کارگێڕی مەدرید دروستکرد و لەپڕێکدا، ئێمباپێ گرێبەستی لەگەڵ پاریس واژۆ کرد، هەرچەندە ئەوکاتە پاریس گرانترین یاریزانی لە مێژوودا بەبڕی 222 ملیۆن یۆرۆ (نێیمار لە بارسێلۆنا) گواستبووەوە، بەڵام دوو دڵ نەبوون لە خەرجکردنی 180 ملیۆن یۆرۆی دیکەش بۆ ئێمباپێ.

لە 6ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2017 کیلیان بە میدیاکان ناسێندرا، دوای مەڕاسیمەکە کیلیان راستەوخۆ چووە ناوچەی بۆندی، ئەو شوێنەی ژیانی منداڵی تێدا بەسەربرد. کیلیان پێی وایە بۆندی بەردەوام بەشێکی گرنگی ژیانی دەمێنێتەوە و هەرگیز لەیادی ناکات.

بۆندی کانگایەکی گەورەی تۆپی پێی فەرەنسایە، تەنیا لە مۆندیالی 2022 هەریەکە لە ئێمباپێ، ویلیام سالیبا و راندال کۆلۆ موانی، خەڵکی بۆندی بوون، ئەمەش بەهای ناوچەکە پیشاندەدات.

لە مۆندیالی 2018 بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ، یارمەتی هەڵبژاردەی فەرەنسایدا ببێتە پاڵەوانی جیهان، دوو گۆڵی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لەوانەش گۆڵێکیش لە یاری کۆتایی بەرامبەر هەڵبژاردەی کڕواتیا کرد. ئێمباپێ بووە یەکەم یاریزانی لاو لە یاری کۆتایی مۆندیال لە دوای پێلێ بکات. ئەوکاتە پێلێ لە سۆشیاڵ میدیا نووسی

بەخێر بێت بۆ یانە (مەبەستی یانەی ئەفسانەکانە).

دوای بردنەوەی نازناوی جامی جیهانی 2018 وێنەی ئێمباپێ لەسەر گۆڤاری تایم داندرا، ئەمەش خەونی ئەوکاتەی بوو، کاتێک قوتابی ئەکادیمیای مۆناکۆ بوو و بەردەوام بە خەیاڵ، وێنەی خۆی لەسەر گۆڤارە بەناوبانگەکە دەبینی.

لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 خەونەکەی هاتە دی و وێنەی لەسەر گۆڤاری تایم بە ناونیشانی ”سەرکردەکانی نەوەی داهاتوو” داندرا. کیلیان بە گۆڤارەکەی گوت

ژیانم پڕە لە بەرزی و نشێوی، رەنگە بە هۆی بەناوبانگبوونی، هەندێک شتی لەدەستدابێت، رەنگە دەرفەتی ئەوەم نەبووبێت وەک کەسێکی ئاسایی بەشداری بۆنەکان بکەم و لەگەڵ هاوڕێیان بچمە دەرەوە، بەڵام دڵخۆشم، چونکە گەیشتمە ئەو ژیانەی خەونم پێوە دەبینی.

سەرەڕای ئاست بەرزی کیلیان، بەڵام لە یۆرۆی 2020 ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد و تەنیا سێ شووتی لە کۆی 390 خولەکدا ئاڕاستەی گۆڵ کرد، لە قۆناخی دووەمدا بە لێدانی یەکلاییکەرەوە بە هەڵبژاردەی سویسرا دۆڕا و پێناڵتییەکەشی لەدەستدا. لە دوای ئەم رووداوە، هاندەرانی فەرەنسا هێرشێکی فراوانیان کردە سەر ئێمباپێ و لە سۆشیاڵ میدیا کردبوویانە ئامانج، کیلیان لە لێدوانێکیدا بۆ ژمارەیەک رۆژنامەوان، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر بێدەنگی فێدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا دەربڕی

ناتوانم یاری بۆ خەڵکانێک بکەم، منیان بەلاوە مەیموون بێت. بەڵام لە یاریکردن بەردەوام دەبم و پەیامێکم بۆ لاوانی نەوەی داهاتوو هەیە، ئێمە لەم بابەتانە بەهێزترین.

گواستنەوەی مێسی لە هاوینی ساڵی 2021 هاوکێشەی هێڵی پێشەوەی پاریس سانجێرمان ئاڵۆزکرد و دەکرێ بڵێین، سەرەتای تێکچوونی پەیوەندییەکانی کیلیان و سەرانی پاریس بوو، بەتایبەت لەسەر مافی کەسێتی و خاوەندارێتی وێنەی کیلیان.

سەرەرای ناکۆکییەکان، پاریس لە هاوینی ساڵی 2022 گرێبەستی کیلیانی بۆ دوو ساڵی دیکە نوێکردەوە، تەنانەت کیلیان مافی قسەکردنی لەسەر ستراتیجییەتی یانەکەشی پێدرا. کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس لە پشتی ئەم ستراتیجییەتەوە بوو. دەیەویست بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی کیلیان بکات، تاوەکو ببێتە ئەندامێکی هەمیشەیی یانە پاریسییەکە و رۆڵێکی زیاتر لە یاریزان بگێڕێت.

ساڵێک دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئێمباپێ بە پاریسی راگەیاند، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2025 نوێناکاتەوە و لە هاوینی 2024 گرێبەستەکەی کۆتاییدێت. ئەمە هاوکێشەکانی پاریسی گۆڕی و ترسی لەدەستدانی ئێمباپێیان بەخۆڕایی لەلادروستبوو.

پاریس ئامادەبوو بە پارەی گونجاو دەستبەداری ئێمباپێ بێت، بەڵام لەپڕ هیلالی سعودی هاتە سەرهێڵ و بڕی 300 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی پاریس کرد. مووچەی هەفتانەی کیلیان دەگەیشتە یەک ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ یانەکەی پایتەخت.

پاریس بە ئۆفەرەکە رازیبوو، بەڵام ئێمباپێ رەتیکردەوە باسی ئۆفەرەکەش بکات، چونکە دڵ و خەیاڵی تەنیا لای ریال مەدرید بوو، تەنانەت ئەگەر بەخۆڕاییش بێت.

هەڵسوکەوتی ئێمباپێ یانە پاریسییەکەی تووڕە کرد، تەنانەت لە لیستی یاریزانان بۆ ئامادەکاری وەرزی نوێ دوورخرایەوە، سەرەڕای ئەمەش کیلیان بەرگەی گرت و هیچ هەڵوێستێکی نەنواند. لەکۆتایی وەرزیشدا لە کۆی 46 یاری 43 گۆڵی کرد و تیمەکەی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوی لیگ وەنیشی بردەوە.

کیلیان کاروانێکی پڕ دەستکەوت و نازناوی لە فەرەنسا تۆمارکرد. حەوت جار نازناوی لیگ وەنی بردەوە، لە کۆی پێنج وەرزی رابردوودا، چوار جار باشترین یاریزانی خولی فەرەنسا بوو. ئەمەش دەستکەوتی گەورەن بۆ یاریزانێکی لاو.

ئێمباپێ بەردەوام خەونی پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید هەبووە، بۆیە بەرگەی هەموو شتێکی گرت و لە پەیامی ماڵئاواییشدا، سوپاسی پاریسی کرد و دیاربوو، بەبێ کێشە ئەو یانەیە جێدەهێڵێت.

سەرەڕای ئاست بەرزی و دەستکەوتەکانی ئێمباپێ، هێشتا بڕوایەک هەیە پێی وایە؛ کیلیان دەتوانێت ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکات، هاوشێوەی رۆناڵدۆ و ئێستاش بێڵینگهام لە مەدرید.

بابەتی زیاتر

Back to top button