یاریگا –
ریاڵ مەدرید لە ئێستاوە ئامانجی یەکەمی خۆی بۆ دوای رۆیشتنی تۆنی کرۆس دەستنیشان کردووە.
کرۆس لە نەوە زێڕینەکەی 10 ساڵی رابردووی شاهانەکانە و لەگەڵ ئەم یانەیە توانی گرنگترین دەستکەوتەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کیشوەریش بچننەوە. بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە ساڵی داهاتوو کۆتا وێستگەی پێکەوەییان دەبێت.
ریاڵ هەر لە ئەڵمانیا و خولی ئەو وڵاتە شوێنگرەوەی کرۆسی دیاریکردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەمڕۆی رۆژنامەی بیڵدی ئەو وڵاتە، کە زۆرێک لە سەرچاوەکانی دیکەیش بڵاویان کردووەتەوە، ئێستا فلۆریان فێرتز لەژێر رادارەکانی قەڵای سپیە و دەیانەوێت هاوینی 2025 پەلکێشی سانتایگۆ بێرنابیۆی بکەن.
🚨 Real Madrid is the most likely destination for Florian Wirtz in 2025, when he is expected to leave Bayer Leverkusen.
(Source: @BILD) pic.twitter.com/hBhpwkvUjo
— Transfer News Live (@DeadlineDayLive) May 8, 2024
ئەستێرە 21 ساڵانەکە، لە دیارترین رەگەزە کاریگەرەکانی تیمەکەی چابی ئاڵۆنسۆ بوو لەم وەرزە کە توانیان باڵادەستی چەند ساڵەی بایرن میونشن کۆتایی پێبهێنن و ببنە پاڵەوانی بۆندسلیگا.
فێرتز لەم وەرزە لە 31 یاری خول، توانیویەتی 11 گۆڵ تۆمار بکات و 11ی دیکەش بۆ هاتیمەکانی درست بکات. جامی ئەڵمانیا و یۆرۆپالیگیش ناوبراو توانا سەرسوڕهێنەرەکانی خۆی پیشانداوە. بە جۆرێک لە کۆی 14 یاریدا لە هەردوو کێبڕکێکەدا بەشداری لە 15 گۆڵدا کردووە.
نرخی فێرتز لە ئێستادا فڕیوە. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکت بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕدا خۆی دەدات لە 110 ملیۆن یۆرۆ. بۆ ئەمەش دەبێت ریاڵ بڕە پارەیەکی باشی لە فرۆشتنەکاندا دەستکەوێت، بەتایبەت کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم هاوینەیش کیلیان ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی.