هۆکاری ئاست بەرزی هاری کەین لە بایرن چییە؟
کەین تەنیا خۆراکی تەندرووست دەخوات...
یاریگا –
تۆماس توخێل، راهێنەری بایرن میونشنی ئەڵمانی، چەند نهێنیەکی لەبارەی شێوازی خۆراکی هاری کەین پێش رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ ئاشکرا کرد.
بایرن لەم وەرزەدا نەیتوانی نازناوی بۆندسلیگا بەدەست بهێنێت بەڵام گومانی تێدا نییە کەین گۆڵکاری ئەڵمانیای بەدەستهێناوە و تەنها لە 32 یاریدا 36 گۆڵی کردووە و کۆمەڵێک ژمارەی پێوانەیی شکاندووە. کاپتنی ئینگلتەرا لەم وەرزەدا لەگەڵ بایرن لە چامپیۆنزلیگ هێشتا دەتوانێت نازناو بەدەستبهێنێت و ئێستا خۆی بۆ یاریی گەڕانەوەی پێش کۆتایی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە کردووە وئەمشەو رووبەڕووی یانە مەدریدییەکە دەبێتەوە.
کەین هەفتەکانی سەرەتای پەیوەندی کردنی بە بایرن لە هۆتێلێکی شاری میونشن بەسەر دەبرد و ئاشکرا بووە هێرشبەرەکە بۆ نانی بەیانی حەزی لە گۆشتی وشکەوەکراو و لۆبیای کوڵاوە بووە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوێنی سەبارەت بە کەین پرسیار لە توخێل کرا کە چی شتێکی کەین زیاتر سەرسامی کردووە بە بەراورد بە وەرزی یەکەمی لە یانەکەدا؟
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە وەڵام دا گوتی:
رۆژانە چەند کوپێک کاپوچینۆ دەخواتەوە، هەر جارێک دەچمە ناو چێشتخانەکە، ئەو لەوێیە، ئەمەش شتێکی باشە بۆ یاریزانان گرنگی بە خۆراکیان بدەن، کەینیش بەشێوەیەکی تەندروست دەردەکەوێت و لەش و لارێکی رێکی هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا هەروەها گوتی:
ئێمە کەسایەتییەکی گەورەمان بۆ تیمەکەمان هێناوە و ئەو کەسێک کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ فشارەکاندا هەیە. ئەو کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایە و هەموو شتێکی بە تیپەکە بەخشیوە کە دەمانتوانی هیوای بۆ بخوازین.
توخێل بە هیوای ئەوەیە بایرن بگەیەنێتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە یانەکەی دووربخرێتەوە. باڤارییەکان چاویان لە کەین دەبێت بۆ وەرگرتنی ئیلهام بەرامبەر مەدرید لە بێرنابیۆ. لە یاریی چوون بەرامبەر ریال مەدرید کەین توانی بە لێدانی سزا گۆڵ بکات و لەم وەرزەدا لە 11 یاری چامپیۆنزلیگدا هەشت گۆڵ و سێ ئەسیستی هەیە.