مۆرینیۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد
یاریگا –
خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پورتوگالی، دەیەوێت جارێکی دیکە ئەرکی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد بگرێتە ئەستۆ.
ئاستە خراپەکەی مانچێستەر یونایتد لە یارییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ وایکردووە بەڕێوەبەرانی ئەم یانەیە بەجدی بیر لەوە بکەنەوە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێریک تێنهاخ کۆتایی پێبهێنن، هەروەها قسە و باسەکان لەسەر جێگرەوەی ئەم راهێنەرە دەستیپێکردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی ئینگلتەرا باسیان لە تۆماس توخێل کرد وەک بژاردەیەکی ئەگەری بۆ سەرکردایەتیکردنی یونایتد لە وەرزی داهاتوودا، بەڵام ئێستا بژاردەیەکی سەیر و چاوەڕواننەکراو پێشنیار کراوە کە رەنگە زۆرێک لە هاندەرانی ئەم تیپە و شەیدایانی تۆپی پێ تووشی سەرسوڕمان بکات.
مانچێستەر ئیڤینگ نیوز، کە نزیکە لە یانە ئینگلیزییەکە، ئاماژەی بەوە کردووە مۆرینیۆ کە لە دوای رۆما راهێنەرایەتی هیچ تیپێکی تری نەلردووە، دەیەوێت جارێکی دیکە سەرکردایەتی یونایتد بکات، ئەم بابەتەشی بە بەڕێوبەرانی یانەکە راگەیاندووە.
پەیوەندی باشی راهێنەرە پورتوگالییەکە لەگەڵ سێر جیم راتکلیف کە ئێستا خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەکەیە، دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و جارێکی دیکە لەسەر کورسی یەدەگی یونایتد دابنیشێت، بەڵام زۆر کەس پێیان وایە ئەم پەیوەندییە باشە، بۆ گەڕانەوەی بۆ ئۆڵدترافۆرد بەس نییە .
مۆرینیۆ پێشتر لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2018 راهێنەری یونایتد بوو، بەڵام لە کانوونی دووەمی 2018 لەم تیپە دوورخرایەوە، دوای ئەوەش چەندین لێدوانی مشتومڕاوی لە دژی یانەکە دا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ ئۆڵدترافۆرد، بۆ زۆر کەس شتێکی نامۆ و چاوەڕوان نەکراو بێت.
دوایین کاری راهێنەرایەتی مۆرینیۆ لە رۆما بوو، وەرزی رابردو رۆما گەیشتە یاری کۆتایی یۆرۆپا لیگ بەڵام بە لێدانی سزا لەلایەن سێڤیاوە شکستی هێنا.