چامپیۆنزلیگفه‌ره‌نساگرنگترین

ئەمشەو چاوەکان هەموو لەسەر ئێمباپێن و ئێنریکێ بەڵێنی گەورە دەدات

شەوی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەی گرێکوێرەیە

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەرکی سەرەکی پاریس سانجێرمان گۆڵکردنە لە بۆڕووسیا دۆۆرتموند.

سانجێرمان هیوایەکی گەورەی بە کیلیان ئێمباپێیە، تاوەکو هاوکشێەکانی بۆ چارەسەر بکات و جارێکی دیکە بگاتەوە یاری کۆتایی، دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2020 لە لیسبۆن بە بایرن میونشن دۆڕا، لەو یارییەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بێ هاندەر بەڕێوەچوو.

گەیشتن بە یاری کۆتایی کە بڕیارە لە وێمبڵی، لەندەن لە 1ی مانگی داهاتوو بکرێت، ئامانجی گەورەی پاریس و کیلیانە.

ئەگەر پاریس بگاتە یاری کۆتایی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوا یاری کیلیان دەبێت لەگەڵ پاریسی سەر بە کۆمپانیاکانی قەتەڕەوە. سانجێرمان چاوی لە بردنەوەی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگە لە مێژوودا، هەروەها دەبێتە دووەم یانەی فەرەنسی لە دوای مارسێی (1993) نازناوەکە بباتەوە.

کیلیانی تەمەن 25 ساڵان، گۆڵکاری مێژوویی یانە پاریسییەکە و تاوەکو ئێستا لە 305 یاریدا 255 گۆڵی کردووە و لەم وەرزەدا، 43 گۆڵی کردووە.

کاپتنەکەی فەرەنسا 48 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ هەیە، شەشییان لەگەڵ مۆناکۆ کردووە و ئەمشەو، ساتێکی هەستیارە تاوەکو ئامارەکانی لە چامپیۆنزلیگ زیاتربکات.

لویس ئێنریکێ، راهێنەری پاریس لەبارەی هەستیاری یارییەکە و کیلیان دەڵێت

ئامانجی گەورەی ئێمە وەک راهێنەر ئەوەیە، باشترین یاریزانان بە باشترین شێوە بەشداری یارییەکان بکەن، بەڵام ئەگەر رکابەری ئێمە بە شێوازی بەرگری یاریکرد و هیچ بۆشاییەکی نەهێشت، نامەوێت هێرشبەران بچنە ناوەڕاستی یاریگا تۆپ وەربگرن، چونکە هیچ سوودێکی نییە، دەمەوێت هێرشبەران لە ساتە سەختەکانی یارییەکە، لە سات و زۆنی هەستیاردا تۆپ وەربگرن، لە یارییەکی وا قورسدا ئەستەمە بەمشێوەیە یاری بکەین.

ئێنریکێ لەبارەی کیلیان جەختیکردووە

دەزانم دەتەوێت باسی کیلیان بکەیت، منیش بە قسەکردن لەسەر کیلیان راهاتووم، پێم وایە ئامانجی ئێمە گەڕانە بەدوای باشترین یاریزانەکانی خۆمان. خەم مەخۆن، هێرشبەرانی ئێمە زیاتر لە دوو مەتر لە هێڵی سزا دوورناکەونەوە، نامەوێت هێرشبەران لە هێڵی ناوەڕاست ببینم. دەمەوێت لە ساتی یەکلاییکەرەوەدا دەربکەون و کیلیان و هێرشبەرانی دیکە بچنە پێش.

دووڕیانی بەرگریکردن

هەرچەندە پێشبینی گەیشتنی پاریس سانجێرمان بە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ نەدەکرا، بە تایبەت دوای چوونە دەرەوەی لیۆنێل مێسی و نێیمار دا سیلڤا لە هاوینی رابردوودا، بەڵام پاریس نازناوی لیگ وەنی بردەوە و ئێستاش چاوی لە چامپیۆنزلیگە.

لە حەوت وەرزی رابردوو، پێنج جار لە قۆناخی 16 کرانە دەرەوە، بۆیە ئەمجارە دەرفەتێکی زێڕین لە بەردەم کیلیان و پاریسییەکانە.

لەوەتەی قەتەڕییەکان لە ساڵی 2011 یانەکەیان کڕییەوە، سانجێرمان 9 یاری لە قۆناخە یەکلاییکەرەوەی بردووەتەوە، بەڵام زۆربەی بردنەوەکانی ئەم قۆناخە هەستیارانە لە 2020 بوو، کاتێک یارییەکانی قۆناخی یەکلاییکەرەوە لە لیسبۆن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەڕێوەچوون.

وەک هەمیشە، هەموو چاوەکان لەسەر کیلیان ئێمباپێ دەبن، هەرچەندە لە یاری چووندا، پاریسییەکان چەندین دەرفەتی گۆڵییان لەدەستدا.

هەریەکە لە لوکاس هێرناندێز و نونۆ مێندێس بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن.

لەبارەی قورسی یارییەکە، مارکینیۆسی بەرگریکار دەلێت

پێم وایە هەر وەرز و یارییەک، چیرۆکی خۆی هەیە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەمانەش، ئەزموونێکی گەورە فێردەبین و ئەزموون لە تۆپی پێی گرنگە، دەبێ یاریزانی وات هەبێت، کە بەشداری یاری گەورەیان کردبێت، بەشداری ساتی یەکلاییکەرەوەی کردبێت، ئەمەش خزمەتێکی زۆری ژووری جلگۆڕین دەکات، هەموو ساڵێک قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ روونادات، 11 ساڵە لەم یانەم و سێیەمجارە دەگەمە ئەم قۆناخە، ئێمە باش دەزانین دەرفەتێکی گەورەیە لێرە یاری بکەیت، بۆیە دەبێ ورە و وزەیەکی زۆر بەخۆمان بدەین.

پاریس بە تەواوی خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، یاری ئەم هەفتەی لە لیگ وەن بەرامبەر نیس بۆ کاتێکی دیکە دواخست، تاوەکو لەڕووی جەستەییەوە بە تەواوی ئامادەبن.

بابەتی زیاتر

Back to top button