پریڤیوی یاری؛ پاریس سانجێرمان دەیەوێت دۆرتمۆندیش بە دەردی بارسێلۆنا ببات
یاریگا –
ئەمشەو پاریس سانجێرمان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای پارک دێ پرێنسیس لە فڕەنسا میوانداریی بۆڕووسیا دۆرتمۆند دەکات کە لە یاریی چوون زەردەواڵەکان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە شازادەکانی پاریسیان بردەوە.
ئامادە نەبووە کانی یارییەکە
پاریس سانجێرمان: لوکاس هێرناندێز بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە بەردەست نابێت، پێشبینی دەکرێت لویز ئێنریکی بەهۆی پێکانی پرێسنێل کێمپێمبێ لە دڵی بەرگری هاوشانی مارکینهۆس یاریی بە لوکاس بێراڵدۆ بکات.
میلان سکرینیار تازە لە پێکانەکەی گەڕاوەتەوە، لەوانەیە ئێنریکی دەست بۆ بژاردەیەکی دیکە بکات و یاریی بە بەرگریکارە سلۆڤاکییەکە بکات، یانیش لە پاڵ مارکینهۆس یاریی بە دانیێلۆ پێرێرا بکات. سێرجیۆ ریکۆ و لایڤین کورزاوا هێشتا بەردەست نین و بەهۆی پێکانەوە دابڕاون.
بۆڕووسیا دۆرتموند: سێباستیان هالەر لە پێکانەکەی گەڕاوەتەوە و بۆ یاریکردن بەردەستە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە یارییەکە لەسەر کورسی یەدەک دابنیشێت.
هەریەکە لە رامی بێنسێباینی و یولیێن دورانڤیلی بەهۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادە نابن. کەریم ئادیێمی بە تەواوەتی بۆ یاریکردن بەردەستە و پێشبینی دەکرێت لە یارییەکە هاوشانی جەیدن شانچۆ و نیکلاس فولکروگ یاریی بکات کە لە دوایین یاریی یانەکەیان لە ئاوگسبۆرگ لە بۆندزلیگا پشوویان وەرگرتبوو.
راستییەکانی یارییەکە
- بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی تۆڕی ئۆپتا – Opta چانسی پاریس سانجێرمان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ زۆرترە، چانسی شازادەکانی پاریس بۆ سەرکەوتن %60.6 دەبێت.
- ئەگەر پاریس سانجێرمان بگاتە یاریی کۆتایی دەبێتە یەکەم یانە لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا لە قۆناخەکانی چارەکی کۆتایی و پێش کۆتایی لە یاریی چوون تووشی شکست بێت و لە یاریی گەڕانەوە ریمۆنتادای کردبێت، کە پاریس لە یاریی چوون بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا کەچی لە یاریی گەڕانەوە ریمۆنتادای کرد.
- کیلیان ئێمباپێ لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە یاریگای یانەکەی لە 32 یاری بەشداریی 31 گۆڵی کردووە (21 گۆڵ و 11 ئەسیست).
- پاریس سانجێرمان پێشتر لە ساڵی 2020 گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە لە یاریی کۆتایی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە بایرن میونشن دۆڕا.
- بۆڕووسیا دۆرتمۆند پێشتر لە وەرزی 2012/2013 بۆ جاری دووەم گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و لەوێ یۆرگن کلۆپ و یاریزانەکانی 2-1 بە بایرن میونشن دۆڕان، ساڵی 1997 زەردەواڵەکان بۆیەکەمجار گەیشتنە یاریی کۆتایی و نازناوەکەیان بەدەستهێنا.
ناسر خلێفی بەهۆی رەنگی درێسی پاریس سانجێرمان دەترسێت
ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی پێش یارییەکە لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی دەڵێت :’بەڵێ بەدڵنیاییەوە مرۆڤ بڕویا بە خورافات هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە لە یاریگای خۆمان بە درێسی سەرەکیمان یاریی دەکەین، ناتوانین وەکچۆن لە یاریی گەڕانەوە بە درێسی سپی بەرامبەر بارسێلۆنا بردنەوەمان بەدەستهێنا، لەو یارییە ناتوانین ببەینەوە’.
هەروەها لەبارەی یارییەکە دەڵێت :’یاریزانەکانمان متمانەی تەواویان بە خۆیان هەیە، بەڵام نابێت لە متمانە بەخۆبوونی یاریزانەکانمان زیادەڕۆیی بکرێت، ئەم یارییە بۆ ئێمە گرنگترین یارییە لەوەتەی بوومەتە سەرۆکی یانەکە، چونکە یەکەمجارە لە یاریگای خۆمان یارییەکی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەین’.
ئێمباپێ دەیەوێت یارییەکی دیکەش بە درێسی پاریس سانجێرمان بکات
کیلیان ئێمباپێ کە بە هاوبەشی لەگەڵ هاری کەین بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگیان گرتووە، دەیەوێت یارییەکی دیکەش لە چامپیۆنزلیگ بە درێسی پاریس بکات، نایەوێط ئەم یارییە ببێتە دوایین یاریی بە درێسی یانەکەی لە خولەکە، کە وابڕیارە بۆ وەرزی نوێ درێسی ریال مەدرید بپۆشێت.
ئێمباپێ لەم وەرزە لە 45 یاریی بە درێسی پاریس لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 53 گۆڵی کردووە (43 گۆڵ و 10 ئەسیست)، بەڵام لەم یارییە چاوی هەموو پاریس لەسەر کیلیان دەبێت بۆ ئەوەی ریمۆنتادا بکەن و بیانگەیەنێتە یاریی کۆتایی.
دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی خولی فڕەنسی، ئەگەر ئێمباپێ بتوانێت یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژوودا بۆ پاریس بباتەوە، لەوانەیە هێرشبەرە فڕەنسییەکە پێش ئەوەی ببێتە یاریزانی ریال مەدرید خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.