یاریگا –
ئێریک تێن هاخ لە لێدوانێکی نوێیدا بە ڕاشکاویی قسەی لەسەر پرسی جەیدن سانچۆ و گەڕاندنەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد کرد.
ئەستێرە ئینگلیزیەکە بە بەهای 73 ملیۆن پاوەند (85 ملیۆن یۆرۆ) هاوینی 2021 لە دۆرتمۆندەوە گواسترایەوە ریزەکانی مانچێستەر لە سەردەمی ئۆڵی گونار سۆڵشایەر. بە هاتنی ئێریک تێن هاخ بۆ شوێنی راهێنەرە نەرویجیەکە، سەرەتای ئاوابوونی خۆری سانچۆ دەستیپێکرد. کار گەیشتە کێشمەکێش تا تەقینەوەی کێشەکان لەگەڵ ئەو راهێنەرە هۆڵەندیە لە سێپتەمبەری ساڵی رابردوو. دواجار بە کەنارخستنی یاریزانەکە و پشتگوێخستنی هات لە راهێنانەکان و یارییەکان و سەرەنجام بەڕێکردنی بە خواستن بۆ دۆرتمۆند کۆتایی هات لە گواستنەوەکانی زستانەی ئەم ساڵ.
لە لێدوانی پێش یارییەکەی ئەمشەویان بەرانبەر کریستاڵ پاڵاس لە خولی ئینگلیزی، راهێنەرە هۆڵەندیەکە وەک بیرکردنەوەی گۆڕابێت لەسەر یاریزانەکە و کێشەکانی رابردووی فەرامۆش کردبێت، وتی
داوای لێبوردن لە سانچۆوە؟ ناکۆکیەک هەبوو. بەڵام با جارێ وەرزەکە کۆتایی پێبهێنین. بۆیە ئێستا لەم کێشەیە خۆت بەدوور بگرە. نوێنەری ئێمە سەردانی کردووە و بەردەوامیش دەبین لەم پرۆسەیە. بە بەردەوامی لە پەیوەندی دەبین لەگەڵ جەیدن و پەیوەندیمان لەگەڵیدا دەبێت.
هەر لە درێژەی لێدوانەکانیدا تێن هاخ سەبارەت بە پلانی گواستنەوەکانیان، ئاشکرای کرد کە داوای لە INEOSی گروپی خاوەنپشک کردووە بۆ پێگەکانی پێشەوە رەگەزی زیاتریان دەوێت و گرنگترین شتیشی بەوە زانی یاریزانە بە خواستن رۆشتووەکان بگەڕێنەوە کە دیارترینیان مەیسن گرینوود و سانچۆیە.
ئەو قسانەی راهێنەرە هۆڵەندیەکە لە کاتێکدایە پێرێ بوو سکای سپۆرتسی ئەڵمانی زانیاریی بڵاو کردەوە کە خودی سانچۆ نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆڵدترافۆرد تەنانەت ئەگەر تێن هاخیش دووربخرێتەوە کە ئێستا پۆستەکەی هەڕەشەی لەسەرە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی یانەکەوە.
وردەکاری پرسی سانچۆ و گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر لە ئەگەری دوورخستنەوەی تێن هاخ
سانچۆ و هاوتیمەکانی لە دۆرتمۆند گەیشتوونەتە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ و یاریی چوونیان لە پاریسی زلهێزی فەرەنسا بردووەتەوە و چاویان لە گەیشتنە بە فیناڵ. هەرچی مانچێستەرە، لە پاڵەوانێتیە گەورەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی داهاتوو بێهیوا بووە.