راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

وەلید عارەب رەتیدەکاتەوە دەست لەکار بکێشنەوە و چەند ناوێکیش بەربژێرن بۆ سەرۆکی نوێی یانەکە

Yariga App

یاریگا –

ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر رەتیدەکەنەوە دەستلەکار بکێشنەوە و تۆڕی وەرزشی یاریگا ناوی بەربژێرەکانی سەرۆکی نوێی یانەکە ئاشکرا دەکات.

دوای دۆڕانیان بەرامبەر مینا لە گەڕی بیست و شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە هەشت یارییە لە خولەکە تامی بردنەوەیان نەکردووە، جارێکی دیکە لێشاوی رەخنەی هاندەرانی یانەی هەولێر بۆ سەر دەستەی کارگێڕی یانەکە زیادی کرد و داوای گۆڕانگاریی بەپەلە لە بەڕێوەبردنی یانەکە دەکەن.

سەرۆکی یانەی هەولێر رەتیدەکاتەوە دەست لەکاربکێشنەوە

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانی لادرانیان لە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە دوورن لە راستییەوە و ئێمە دەست لەکار ناکێشینەوە، هیچ کەسێک لەبارەی لادرانمان ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە، ئێمە بە هەڵبژاردن هاتووین و بە هەڵبژاردنیش لادەچین’.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەڵاحەدین سیامەند، تەها قادر، محەمەد خۆشناو و موسا موحسین ئێستا تەنیا پێنج ئەندام لە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر (وەلید عارەب، ئاڵا دێدەوان، ئەحمەد شکور، دیدار حامید، موفەق یونس) ماون، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان هەر یەکێک لەو ئەندامانە دەستلەکاربکێشێتەوە دەستەی کارگێڕی یانەکە هەڵدەوەشێتەوە، چونکە نابێت دەستەی کارگێڕی یانەکە لە پێنج ئەندام کەمتر بن.

مانگی نۆڤێمبەری 2021 دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر لە هەڵبژاردنەکانی یانەکە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا و وەکو دەستەی نوێی کارگێڕی یانەکە متمانەی دەستەی گشتی یانەکەیان بەدەستهێنا.

بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر
بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر

بەربژێرەکانی سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر کێن؟

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بڕیار لەبارەی گۆڕانکاریی لەناو دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر دراوە و وابڕیارە دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەربردنی یانەکە دابنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستەی کارگێڕی یانەکە ئاگادار نەکراونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەریەکە لە موئەیەد مەغدید و عەبدولخاڵق مەسعوود کە پێشتر جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر بوون، نزیکترین بەربژێرن بۆ ئەوەی لە دەستەی کاتی نوێی یانەی هەولێر بکرێنە سەرۆکی یانەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، تاوەکو ئێستا ناوی ئەندامانی دەستەی کاتی بۆ دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر یەکلانەبوونەتەوە، بەڵام هەریەکە لە رێبوار جەباری و کاروان کەمال لە دەستەی کاتی نوێی یانەی هەولێر دەبن، گفتوگۆش لەبارەی ئەوە دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی ئێستای دەستەی کارگێڕی و پێشوو لەناو دەستە کاتییەکە دابنرێن.

دۆخی یانەی هەولێر چۆنە؟

یانەی هەولێر لە خولی عێراق لەسەر ئاستی بەچکەشێران و تازەپێگەیشتووان و لاوان پێشەنگی خولەکەی گرتووە و لە خولی نایابی بالەی عێراقیش پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بەڵام زۆرترین سەرنجی هاندەرانی یانەکە لەسەر تیپی تۆپی پێی یەکەمی یانەکەیە کە یانەکە لە لێواری دابەزیندایە.

هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 24 یاری تەنیا پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە و 8 یەکسانبوون و 11 دۆڕانی تۆمارکردووە، بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی شازدەمی ریزبەندی دێت و لە لێواری دابەزین دایە، یانەکەی قەڵاومنارە لە دوایین هەشت یاریی هیچ بردنەوەیەکی لە خولەکە بەدەست نەهێناوە و 67 رۆژە لە خولەکە کلیلی بردنەوەی ون کردووە.

یانەکەی قەڵاومنارە زیاتر لە سێ مانگە نەیتوانیوە مووچەی یاریزانانی تیپی خولی عێراقی یانەکەی بدات و تاوەکو ئێستا یانەکە بێ راهێنەرە و عەبدولقادر حوسێن بە کاتی راهێنەرایەتی یانەکە دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button