لاندۆ نۆریس هاوکێشەکانی گۆڕی و ڤێرستاپن هەر یەکەمە
رکابەرییەکانی فۆرمولا وەنی ئەم وەرزە دەگەنە لووتکە
یاریگا –
لاندۆ نۆریس، شۆفێری بەریتانی و تیمی مەکلارن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، پاڵەوانیەتییەکی گەورەی فۆرمولای بردەوە و بووە قارەمانی خەڵاتی گەورەی مەیامی.
ماکس ڤێرستاپن، شۆفێری تیمی رێد بوڵ پلەی دووەمی خەڵاتی گەورەی مەیامی بەدەستهێنا و چارل لوکلێر، شۆفێری تیمی فێراری پلەی سێیەمی بردەوە.
ئەمە یەکەم نازناوی نۆریسە لە کاروانە پڕ رکابەرییەکەیدا، ئەمەش بەهۆی باڵادەستی ڤێرستاپن لە ماوەی رابردوودا.
نۆریس دوای بەشداریکردن لە 110 رکابەری فەرمیدا، توانی نازناوێک بباتەوە.
بردنەوەیەکی چاوەڕواننەکراو
ڤێرستاپن پاڵێوراوی یەکەمی بردنەوەی شەشەم نازناوی ئەم وەرزەی فۆرمولا وەن بوو، ئەمەش دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی رکابەری خێرایی کە شەممە بەڕێوەچوو، بەڵام دوای ئەوەی لە 29-مین سووڕانەوەدا، ئۆتۆمبێلی سەلامەتی هاتە نێو رکابەرییەکانەوە، دەرفەتی پێشڕەوی بە نۆریسدا و تاوەکو کۆتاییش پارێزگاری لە پلەکەی کرد. ئەمەش یەکەم دەستکەوتی تیمی مەکلارنە لە دوای بردنەوەی خەڵاتی گەورەی ئیتاڵیا لە ساڵی 2021 (دانیێل ریکاردۆ).
ئەمە دووەم دۆڕانی ڤێرستاپنە لەم وەرزەی فۆرمولا وەن، دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی میکانیکییەوە ناچاربوو لە گەڕی سێیەمی خەڵاتی گەورەی ئوسترالیا بکشێتەوە.
سەرەڕای بەدەستهێنانی پلەی دووەم، ڤێرستاپن پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی باشترینەکانی ئەم وەرزە بە 136 خاڵ کرد، سێرجیۆ پێرێزی هاوتیمی لە پلەی دووەمدا بە کۆکردنەوەی 103 خاڵ دێت و لوکلێر 98 خاڵ، کارلۆس ساینز 83 خاڵ و نۆریس 83 خاڵ.
حەوتەمین پاڵەوانیەتیی ئەم وەرزە لە 17-19 ئەم مانگە لە شاری مۆنزا، ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.