ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەموو شتێک بزانە؛ سەرکەوتنی ئیپسویچ تاون چ پەیوەندی بە مۆرینیۆوە هەیە

هاوکێشەیەکی سەرنجڕاکێشی کاریگەری مۆرینیۆ بەسەر ئیپسویچ بزانە

Yariga App

یاریگا –

ئەگەر دوو وێنە بهێنین و لەپاڵ یەکدا دایبنێین، مێژووێکی جوان و پڕمانامان بیردێتەوە.

سێر بۆبی رۆبسن، راهێنەری ئەفسانەیی ئینگلتەرا لە بارسێلۆنا لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ وەستاوە، دوای 21 ساڵ مۆرینیۆ لەگەڵ کیران مەککێنا، راهێنەری ئێستای ئیپسویچ لە مانچێستەر یونایتد کارییان پێکەوە کرد.

جۆزێ مۆرینیۆ
مۆرینیۆ و مەککێنا | مۆرینیۆ و رۆبسن

رۆبسن لە ساڵی 2009 کۆچی دواییکرد. پەیکەرێکی لە نزیک یاریگای پۆرتمان رۆد لە ئیپسویچ تاون بۆ دروستکراوە، هەروەها پردێکی نزیک یاریگاکە بە ناوی رۆبسنەوە کراوە. رۆبسن لە ساڵی 1969 تاوەکو 1982 سەرکردایەتی یانەکەی بۆ بردنەوەی نازناوەکانی جامی ئەوروپا (یۆرۆپالیگی ئێستا) و جامی FA کرد.

ئەم یەکبەستنەوەیە هەندێک ئاڵۆزە، بەڵام سەرکەوتنەکان لەو سەرەداوە دەستیانپێکردووە و کاریگەری لەسەر ئێستا و داهاتووی یانەکەش کردووە.

دوای یەکلاییبوونەوەی سەرکەوتنی ئیپسویچ تاون بۆ پرێمەرلیگ، لە دوای یارییەکەی دوێنێ شەممە، هاندەران چوونە سەر چیمەنی یاریگا و مەککێنای راهێنەرییان لەشان کرد.

دوای 22 ساڵ، جارێکی دیکە ئیپسویچ گەڕایەوە پرێمەرلیگ.

کاتێک لە ئەپریل/نیسانی ساڵی 2021 گروپی کۆمپانیاکانی گەیم چەینجەر 20 یانەکەیان کڕییەوە، ئامانجی سەرەکی کۆمپانیا ئەمریکییەکە، گەڕانەوەی یانەکەبوو بۆ پرێمەرلیگ.

ئەوکاتە ئیپسویچ لە پلەسێی ئینگلتەرا یاری دەکرد، یانەیەکی پڕ لە ئەزموونی ئەوروپی و خاوەن نازناو، کە لە ساڵی 1878 دامەزراوە، شایەنی ئەوەیە لە پرێمەلریگ یاری بکات، بۆیە ساڵێک دواتر گەیشتە چامپیۆنشیپ و بۆ وەرزی داهاتووش لە پرێمەرلیگ دەبیندرێت.

ئیپسویچ لە ساڵی 2002 لە پرێمەرلیگ دابەزی و بۆ ماوەی 17 ساڵ لە چامپیۆنشیپ (خولی پلەدوو) مایەوە. هەرچەندە لە ساڵانی 2004، 2005 و 2015 گەیشتە قۆناخی پلەی ئۆفی گەیشتن بە پرێمەرلیگ، بەڵام شکستیهێنا و ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی یانەکە کرد. بۆیە گەڕانەوەی ئیپسویچ بۆ پرێمەرلیگ کاتێکی زۆری پێویستبوو.

دابەزینی ئیپسویچ بۆ لیگ وەن (خولی پلەسێ) رووداوێکی مێژوویی بوو، چونکە یەکەمجاربوو لەدوای 62 ساڵ ئەم رووداوە رووبدات و لە وەرزی 2018-2019 دابەزییە خولی پلەسێی ئینگلتەرا.

مەککێنا لە ساڵی 2021 ئەرکی مەشقی ئیپسویچی گرتەئەستۆ؛ راهێنەرێکی لاو و پڕوزە، کە بەهۆی پێکانەوە بە ناچاری لە تەمەنی 22 ساڵی رازی لەیاریکردن هێنا. بەر لەوەی ببێتە راهێنەری ئیپسویچ، کاری لە یانەکانی تۆتنهام هۆستپێر و مانچێستەر یونایتد کرد، لە تەمەنی 35 ساڵیدا کاروانی راهێنەرایەتی دەستپێکرد.

داواکارییەکانی مەککێنا زۆر بوون، بۆیە هەریەکە لە مارک ئاستن، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و گاری پڕۆبێرت، بەڕێوەبەری ئۆپێرەیشنی یانەکە و وەبەرهێنەرانی یانەکە، بەیەکەوە پلانی هاوبەشیان بۆ یارمەتیدانی مەککێنا داڕێشت.

یانەکانی پلیمس و شێفیڵد وینزدەی کە دوو یانەی گەورە و دێرینی تۆپی پێی ئینگلتەران و مێژووێکی گەورەیان هەیە، بە ئاسانی رێگەیان بە ئیپسویچ نەداوە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ، بەڵام ئیپسویچ بە پاڵپشتی دارایی وەبەرهێنەران، توانی گۆڕانکارییەکی جۆری بکات.

لە وەرزی رابردوودا، ئیپسویچ پلەی دووەمی خولی پلەسێی (لیگ وەن) بە تۆمارکردنی 101 گۆڵ و کۆکردنەوەی 98 خاڵ بەدەستهێنا، لەم وەرزەدا لە چامپیۆنشیپ، 96 خاڵی کۆکردووەتەوە و 92 گۆڵی کردووە.

ئەم ژمارانە، ژمارەی ئاسایی نین و زیرەکی راهێنەرەکە دووپاتدەکاتەوە؛ چونکە هێڵێکی بەهێزی هێرشبەری دروستکردووە و بۆیە ژمارەی گۆڵەکانی بەردەوام زۆرن، بەڵام ئایا لە پرێمەرلیگ بە هەمان هاوکێشە یاری دەکات، یاخود دەبێتە نموونەیەکی وەک شێفیڵد یونایتد و لوتن تاون.

کاروانی ئیپسویچ بۆ گەیشتن بە پرێمەرلیگ ئاسان نەبوو، ئەوەتا تاوەکو کۆتاییەکانی وەرز لەگەڵ لیدز یونایتد و لێستەر سیتی رکابەری دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە دەستکەوتە گەورەکە.

ئیپسویچ تاون لە وەرزی رابردوودا لە لیگ وەن (خولی پلەسێ) زۆرترین پارەی لە گواستنەوەکاندا خەرجکرد، بەڵام لە تۆپی پێی ئەم سەردەمەدا، خەرجکردنی پارە، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتن.

مەککێنا تەمەنی لە یاریزانان نزیکە، بۆیە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ تەواوی یاریزاناندا هەیە و ئەمەش خاڵێکی بەهێزی سەرکەوتنی یانەکەیە. کارکردنی لەگەڵ مۆرینیۆ، هێز و ئەزموونێکی زۆری بە مەککێنا بەخشیەوە. مەککێنا بۆ ماوەیەک یاریدەدەری راهێنەری ئەکادیمیای مان یونایتد بوو، شێوازی شەیتانە سوورەکانی گواستووەتەوە ئیپسویچ، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر یانەکە هەبووە.

لە مارس/ئاداری رابردوودا، ئیپسویچ رێککەوتنێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای بڕایت پاس سپۆڕتس پارتنەرس واژۆ کرد. ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە ئەزموونێکی زۆری لە وەبەرهێنان لە دامەزراوەکانی وەرزشیدا هەیە و بەبڕی 100 ملیۆن پاوەند، بووە خاوەنی 40% پشکەکانی یانەکە، ئەمەش یارمەتییەکی زۆری لایەنی دارایی یانەکەیدا.

ئێد شیران، ئەستێرەی پۆپی ناوداری بەریتانی، یەکێکی دیکەیە لە پاڵپشتیکارانی یانەکە. شیران لە ناوچەی سەفێک لەدایکبووە — ئەو ناوچەیە دەکەوێتە نزیک شاری ئیپسویچ — سپۆنسەری سەرەکی درێسەکانی ئیپسویچە. لە دوای سەرکەوتنی یانەکە بۆ پرێمەرلیگ، شیران لە مەیامییەوە سەیری یارییەکەی دەکرد و بە پەیوەندی ڤیدیۆیی قسەی لەگەڵ یاریزانان کرد.

سەرکەوتنی ئیپسویچ بۆ پرێمەرلیگ، رەنگە نرخ و تێچووی سپۆنسەریکردنی درێسەکانی یانەکە زیادبکات بۆیە پەیوەندی نێوان شیران و ئیپسویچیش دەگۆڕێت.

ئیپسویچ بەدرێژایی ئەم وەرزە تەنیا شەش یاری دۆڕاوە، بەڵام لە یاریگای پۆرتمان رۆد، تەنیا یەک یاری لە سەرەتای وەرز بەرامبەر لیدز یونایتد دۆڕا و یاریگاکەی کردووەتەوە قەڵغانێکی بەهێز.

بابەتی زیاتر

Back to top button