ئیتاڵیاگرنگترین

زانیاریی جیاوازتر گەیشت لەبارەی پاڵێوراو بۆ شوێنگرتنەوەی پیۆلی

Yariga App

یاریگا –

ئەیسی میلان عەوداڵە بە شوێن دۆزینەوەی راهێنەر بۆ شوێنی ستیفانۆ پیۆلی کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هاوینە دەستبەرداری دەبن.

میلان وەرزێکی نائومێدکەری بەڕێ کرد کاتێک نەیتوانی شەڕی هیچ نازناوێکی ناوخۆیی و کیشوەریی بکەن. لە چامپیۆنزلیگ لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەرکران. بە ڕۆیشتنیان بۆ یۆرۆپالیگیش نەیانتوانی لە ئاست خواستی هاندەرانیاندابن و لە قۆناخی چارەکی کۆتایی لەسەردەستی رۆما کرانە دەرەوە. لە خولی وڵاتەکەشیان بە جیاوازێکی ئێجگار زۆرەوە گۆڕەپانەکەیان بۆ ئینتەر میلان چۆڵ کرد تا ببێتە پاڵەوان.

لە ماوەی ڕابردوودا زۆر راهێنەر وەک پاڵێوراو ناو دەهێنران بۆ شوێنەکەی پیۆلی، لەوانە جولیان لوپتیخی، کریستۆڤ گالتیێی و تەنانەت زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچیش دەنگۆی لەسەر بوو. بەڵام ئێستا زانیاری نوێ و جیاواز لەو بارەیەوە دەستنیشانکردنی تیاگۆ مۆتای را‌هێنەری بۆلۆنیایە کە توانیویەتی ئەم وەرزە تیمێکی سەرسەخت بەرهەم بهێنێت و رکابەری پلەکانی پێشەوە بکات.

ساشا تاڤۆلیێری،رۆژنامەنووسی شارەزا لە بواری گواستنەوەکان، زانیارییەکەی ئاشکرا کردووە و جەخت دەکاتەوە کە ئێستا مۆتا بژاردەی یەکەمی رۆسۆنێریە. بەم هەوڵەشیان دەیانەوێت یوڤێنتوس لە هەمان ئامانج بێهیوا بکەن.

بەو هەوڵەی میلان، هەردوو پاڵێوراوی دیکە کە لە لیستەکەیاندا بوون، پاولۆ فۆنسێکای لیل و دۆمینیکۆ تێدێسکۆی راهێنەری ئێستای بەلجیکا بە تەواوی لە پلانەکانی یانە ئیتاڵیەکەدا نەماون.

ئەیسی میلان تاکە یانە نییە مەیلیان بەلای مۆتادا چووبێت، پێشتریش دەنگۆ بڵاو بووەوە کە مانچێستەر یونایتد بایەخ بە ناوبراو دەدات و بە بژاردەیەکی دروستی دەزانن بۆ پۆستەکە لە دوای بەڕێکردنی ئێریک تێن هاخ.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button