چامپیۆنزلیگفه‌ره‌نساگرنگترین

هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر ئێمباپێ

به‌ هۆكاری تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی دۆرتمۆند تۆمه‌تباره‌

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان تۆمەتبارە بەوەی له‌ یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر بوروسیا دۆرتمۆند لە یاریی چوونی  قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە رێنماییەکانی لویس ئینریکی راهێنەر پابەندنەبووه‌ و هۆكاری تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی یانه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ش بووه‌.

رۆژنامەی لیكیب تیشکی خستە سەر ئاستی ئه‌ستێره‌ فه‌ره‌نسیه‌كه‌ لە یارییەکەدا و رایگەیاندووه‌، ئێمباپێی بە درێژایی گێمی یەکەم بە تەواوی له‌ یارییه‌كه‌ وونبوو، لە گێمی دووەمیش تەنها دوو لێدانی بۆ گۆڵی دۆرتمۆند هه‌بووه‌ و پاسێکیشی بۆ عوسمان دێمبلی هاوکارەکەی كردووه‌، دواتر بە تەواوی رادەستی ماتس هامێڵز و نیکۆ شلۆتەربیک بوو.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمباپێ بەشێک لە بەرپرسیارێتی  گۆڵه‌كه‌ی دۆرتمۆندی لە ئەستۆدایە، کە لەلایەن نیکلاس ڤۆڵکرۆگی ئەڵمانی تۆمارکرا، چونكه‌ پابەند نەبووە بە رێنماییەکانی ئێنریکی راهێنەر بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر بەرگریکارانی دۆرتمۆند بۆ ئەوەی رێگری لە ناردنی تۆپی درێژ بۆ قوڵایی بەرگری پاریس بکات.

باس لەوەش کرا کە ئێمباپێ شلۆتەربێکی بەجێهێشت و فشاری  له‌سه‌ر دروست نه‌كرد، تاكو یاریزانه‌كه‌ تۆپێكی درێژ بۆ هاوكاره‌كه‌ی ڤۆڵکرۆگ ده‌نێرێت و تاکە گۆڵی یارییه‌كه‌ تۆمارده‌كه‌ن، ئەمەش وایکرد پاریس باجێکی قورس بدات.

لیكیب لە کۆتاییدا رایگەیاندووە، ئێمباپێ لە کۆی هەشت هه‌وڵی بڕین تەنها دووجار سەرکەوتوو بووە، پێدەچێت كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی یاریكردنی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ کاریگەری جەستەیی لەسەر دروست كردبێت، بەڵام ئەمە یاریزانه‌كه‌ لە بەرپرسیارێتی گۆڵه‌كه‌ بێبەری ناکات .

بابەتی زیاتر

Back to top button