پریڤیوی یاری؛ هەموو شتێک لەبارەی یارییەکەی بۆڕووسیا دۆرتمۆند و پاریس سانجێرمان بزانە
یاریگا –
ئەمشەو بۆڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداریی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی دەکات، ئانتۆنی تایلۆر ناوبژیوانی ئینگلیزی یارییەکە بەڕێوە دەبات و ستیوارت ئەتوێلیش ناوبژیوانی ڤار دەبێت.
ئامادە نەبووەکانی یارییەکە
لە بۆڕووسیا دۆرتمۆند هەریەکە لە رامی بێنسێباینی و سێباستیان هالەر بەهۆی پێکانەوە بەردەست نابن و لە یارییەکەی ئەمشەو ئێدین تێرزیچ راهێنەری دۆرتمۆند ناتوانێت سوودیان لێوەربگرێت، گەرچی گومان دەکرا ماتس هەمێلسیش بۆ ئەم یارییە ئامادە نەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم بەرگریکارە ئەڵمانییە بۆ یارییەکە ئامادە بێت.
دۆنیێل مالین کە بەهۆی پێکانەوە لە دۆرتمۆند دابڕابوو، رۆژی دووشەممە گەڕایەوە راهێنانەکانی یانەکە و پێشبینی دەکرێط بۆ یارییەکە ئامادە بێت کە دووەم باشترین گۆڵکاری ئەم وەرزەی یانەکەیە و 11 گۆڵی کردووە.
لە پاریس سانجێرمانیش هەریەکە لە سێرجیۆ ریکۆ و پرێسنێل کێمپێمبێ و لایڤین کورزاوا بەهۆی پێکانەوە بەردەست نابن و ئەم سێ یاریزانە لە یارییەکەی ئەمشەو بێبەش دەبن.
زەردەواڵەکان دەتوانن ئێمباپێ رابگرن؟
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە 10 یاری 900 خولەک یاریی کردووە، بە 8 گۆڵ بە هاوبەشی لەگەڵ هاری کەین پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگی گرتووە. ئەم وەرزە ئێمباپێ لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 44 یاری 43 گۆڵ و 10 ئەسیستی کردووە، جگە لەوەی پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگە، بە تۆمارکردنی 26 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولی فڕەنسیشی گرتووە.
ئێمباپێ لە چامپیۆنزلیگ 6 یاری بەرامبەر دۆرتمۆند کردووە و 4 بردنەوە و یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی بەدەستهێناوە، 4 گۆڵ و 1 ئەسیستی کردووە.
بۆ جاری دووەم لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ رووبەڕوو دەبنەوە
لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ئەم دوو یانەیە دووەمجارە رووبەڕوو دەبنەوە، لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە کۆمەڵەی F بوون، لە ئەڵمانیا هەردوولا بە گۆڵێک یەکسانبوون، بەڵام شازادەکانی پاریس کاتێک لە پارک دێ پرێنسیس میوانداریی زەردەواڵەکانیان کرد بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێیان بردنەوە.
لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا، بۆڕووسیا دۆرتمۆند و پاریس سانجێرمان 6 جار رووبەڕووبوونەوەتەوە و پاریس دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و دۆرتمۆندیش سەرکەوتنێکی هەبووە و لە سێ یارییەکەی دیکەش یەکسانبوون.
دووەمجارە ئەم دوو یانەیە لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگ رووبەڕوو دەبنەوە، پێشتر لە وەرزە 2019/2020 پاریس لە قۆناخی 16 بە ئەنجامی هەردوو یاریی لەسەر ئەستۆی دۆرتمۆند پەڕییەوە چارەکی کۆتایی، کە لە یاریی چوون دۆرتمۆند 2-1 بردنەوەی بەدەستهێنا و پاریسیش لە یاریی گەڕانەوە 2-0 بردنەوەی بەدەستهێنا و پەڕییەوە قۆناخی دواتر.
راستییەکانی یارییەکە
- بۆڕووسیا دۆرتمۆند لە دوایین شەش یاری نەیتوانیوە لە هیچ یارییەک گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
- پاریس سانجێرمان لە دوایین 15 یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەدۆڕاوە و تامی هیچ شکستێکی نەکردووە.
- نرخی یاریزانانی پاریس سانجێرمان دوو هێندەی نرخی یاریزانانی بۆڕووسیا دۆرتموندە، نرخی یاریزانەکانی پاریس زیاترە لە ملیارێک یۆرۆ، لەکاتێکدا نرخی یاریزانەکانی دۆرتموند لە بۆرسەی یاریزانان 463 ملیۆن یۆرۆیە.
- پاریس سانجێرمان وەکو پاڵەوانی فڕەنسا دەچێتە ئەڵمانیا، پێش ئەم یارییە بەفەرمی نازناوی خولی فڕەنسی مسۆگەرکرد.