عێراقکوردستانگرنگترین

سەرۆکی یانەی هەولێر: لە هاوکاریکردنی دارایی جیاوازی لە نێوان یانەکانی کوردستان دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

سەرۆکی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی ئێستای یانەکەی گوتی ‘دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی یاریزانەکانمان و داوا دەکەین لە هاوکاریی دارایی جیاوازیی لە نێوان یانەکانی کوردستان نەکرێت’.

وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی دۆخی درایی یانەکەی گوتی :’داهاتی مانگانەمان تەنیا 100 ملیۆن دینارە و ئەمساڵ هیچ هاوکارییەکی دارایی نەکراوین، ئێمە خۆشحاڵین بەوەی یانە کوردستانییەکان لە پێشەوەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێن، بەڵام ئەو هاوکارییە داراییەی بۆ یانەکانی دیکە دەکرێت بۆ ئێمە ناکرێت، ئەو هاوکارییەی لە حکومەت و پارێزگاکانەوە پێشکەشی یانەکانی دیکە دەکرێت بۆ ئێمە ناکرێت، داوا دەکەین جیاوازیی لە نێوان چوار یانە کوردستانییەکە نەکرێت’.

هەروەها گوتی :’ئێمە هەست بەوە دەکەین هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ناشرین بکرێین، ئێمە نەمانگوتووە بەبێ پارە دەتوانین یانەکە راستە رێ بکەین، بەڵکو داوای ئەوەمان کردووە فشارەکانمان لەسەر نەبێت و لێمان گەڕێن کاری خۆمان بکەین، ناکرێت تۆ نەتوانی مووچە و شایستە داراییەکانی یاریزانەکانت بدەی کەچی داوای ئەنجامیان لێ بکەی، چونکە بە دەروونێکی دروست ناتوانن یاریی بکەن’.

لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی دوو لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لە رۆژانی رابردوو، سەرۆکی یانەی هەولێر گوتیشی :’من بە هیچ شێوەیەک دەست لەکارناکێشمەوە، ئێمە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی دەکەین و من وەکو خۆم ئامادەم هەرچییەک لە بەرژەوەندیی یانەی هەولێر بێت بیکەم’.

گوتیشی :’دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی یاریزانەکانمان و داوا لە حکومەتی هەریـی کوردستان دەکەین هاوکاریی دارایی یانەکەمان بکرێت، ئێمە لە پشتیوانی و هاوکارییەکانی حکومەتی خۆمان دڵنیاین و دڵنیام دەتوانین بە خۆڕاگری ئەم دۆخە داراییە تێبپەڕێنین’.

سەرۆکی یانەی هەولێر گوتیشی :بەداخەوە تەنیا لەسەر تیپی خولی عێراقی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دەستەی کارگێڕی یانەکەمان دەکرێت، لەکاتێکدا ئێمە بە کەمتر لە 65 ملیۆن دینار پلەی دووەممان لە خولی بالەی عێراق بەدەستهێنا و لە خولی تۆپی پێی عێراق لەسەر ئاستی تیپەکانی لاوان و تازەپێگەیشتووان و بەچکەشێران پلەی یەکەممان گرتووە، کەچی تەنیا باسی ئەنجامەکانی تیپی خولی عێراقی یانەکەمان دەکرێت’.

تیپی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سێ مانگە یاریزانەکانی مووچەیان وەرنەگرتووە و یانەی هەولێر ئەنجامەکانی لە خولەکە جێگای نیگەرانی هاندەرانی یانەکەن و ئێستا تەنیا پێنج ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە یانەکە ماون و تاوەکو ئێستا چوار ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button